عه‌لی محه‌ممه‌د نائینی وته‌بێژه‌كه‌ی سوپای پاسداران كێیه كه ئیسرائیل تیرۆری كرد؟
وێستگەنیوز-
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 20ی ئازاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی عەلی محەمەد نائینی، وتەبێژ و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی، لە هێرشێکی ئەمەریکا و ئیسرائیلی ڕاگەیاند. سوپای پاسداران ڕایگەیاند نائینی زیاتر لە چوار دەیەیه، بۆ به‌رگریكردن له شۆڕشی ئیسلامی "خزمەتگوزاری بەرفراوان"ی پێشکەش کردووە، بە تایبەتی لە بواری ڕاگەیاندن، دیكۆمێنتكردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکانی شەڕی ئێران و عێراق.
هەروەها لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بووه‌ته وتەبێژی سوپای پاسداران و وه‌ك میدیاكارێك به‌شداری لە ڕووماڵکردنی میدیایی "ئۆپەراسیۆنەکانی بەڵێنی راستگۆیی 2، 3 و 4 کردووە و كاروانی ئه‌و له بواری "جەنگی نەرم، وەک مۆدێلێک دەمێنێتەوە کە دەبێت چاوی لێبكرێت".
سوپای پاسداران، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری مەزنی ئێران و بنەماڵەی نائینی و فەرماندە و ئەندامانی سوپای پاسداران و کارمەندانی ڕاگەیاندن و خەڵکی شاری کاشان زێدی نائینی کرد. لە بەیاننامەکەی سوپای پاسداران‌دا وردەکارییەکانی شوێن و بارودۆخی كوشتنی نائینی نەخراوەتەڕوو.
نائینی كێیه؟
عەلی محەممەد نائینی، ساڵی 1959 لە شاری کاشان لە پارێزگای ئه‌سفەهان لە دایکبووە. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە پەروەردەییەکان، بڕوانامەی ماستەر لە بەڕێوەبردنی بەرگری، دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی ستراتیژی.
دیارترین بەرهەمی، کتێبی "ریشه و بنەماکانی جه‌نگی نەرم"ە. نائینی پێش ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر، ببێتە وتەبێژی سوپای پاسداران، وەک ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپا و بەرپرسی ناوەندی "بەرگریی پیرۆز" بۆ بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە، کاری کردووە.
هەروەها لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان نزیک بووە، تا ساڵی 2017، جێگری لێپرسراوی کاروباری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی شاره‌وانی تاران بووە.
لە دوایین لێدوانی‌دا کە ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران کەمێک بەر لە تیرۆرکردنی بڵاویانکردەوە، نائینی جەختی لەوە کردووه‌تەوە " سەبارەت بە توانا مووشەکییەکانی ئێران، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی به‌رهه‌مهێنان و بوونی بڕێكی باشی مووشه‌ك له كۆگاكاندا".
هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشکردووە وڵاتەکەی "سوپرایزی بۆ دوژمن هه‌یه و له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی جه‌نگه‌كه: "شه‌ڕه‌كه تا بێت ئاڵۆزتر ده‌بێت و سوپرایزی گه‌وره‌تر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت".
ئەمە دوای ئەوە دێت، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند "زنجیره‌ی تیرۆرکردنی" بەرپرسانی باڵای ئێران "ناوستێت" و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه چه‌ند کەسایەتییەکی دیاری ڕژێمی ئێرانی له‌ناوبردووه.
له‌م باره‌یوه، ئیفی دێفرین وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، بەردەوام بووین لە بەدواداچوون و نەهێشتنی بەرپرسانی باڵای ڕژێم و ده‌ڵێت: "بەردەوام دەبین لە ڕاوەدوونانی هەموو بەرپرسە باڵاکانی ڕژێم و زنجیره‌ی تیرۆركردنه‌كان راناوه‌ستێت".
ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، شەوی سێشەممە، لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سه‌ر تاران، دوای ڕۆژێک لە تیرۆرکردنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و جەنەراڵ غوڵام ڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی هێزی نیمچە سەربازیی بەسیج، كوشتنی ئیسماعیل خەتیبزادە، وەزیری ئیتلاعاتی ئێرانی ڕاگەیاند.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە 28ی شوبات، تاران ژمارەیەک لە دیارترین سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی لەدەستداوە، لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی ئێران لە ڕۆژی یه‌كه‌می شەڕەکەدا، عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگری، عه‌لی شه‌مخانی ڕاوێژکاری ڕابەری باڵا و سکرتێری ئەنجومەنی باڵای بەرگری، محه‌ممه‌د پاكپور فەرماندەی سوپای پاسداران و عەبدولڕەحیم موسەوی سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران.
PM:11:19:20/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت