قەتەر رەخنە لە هێرشێكی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگرێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی نەوت و غازی ئێران لە پارسی باشوور "مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە".


ماجید ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی، "هێرشی ئێسرائیل بۆ سەر دامەزراوەی پترۆكیمیایی پارسی باشوور، كە درێژكراوەی گۆڕەپانی غازی باكوری قەتەرە، كردەوەیەكی مەترسیدارو نابەرپرسیارانەیە لەم ساتەدا كە شەڕ و قەیران لە ناوچەكە لەپەرەسەندندایە".

بەوتەی ئەنساری "بە ئامانج گرتنی ژێرخانی وزە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان و خەڵكی ناوچەكە و ژینگە".

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە هێرش کرایە سەر دامەزراوەی پترۆکیمیایی پارسی باشوور و بووەتە "ئامانجی دووژمن".
 
بەپێی میدیای ئێران، بەشێک لە دامەزراوەی پیشەسازیی نەوتی پارسی باشوور و عەسەلوویە بۆردوومان کراوە، بەڵام هێشتا هیچ دیارنییە بۆردوومانەکە چ زیانێکی هەبووە.
 
پارسی باشوور یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی ئێران کە لە ئاوە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و قەتەر هەڵکەوتووە.

شاری عەسلەویە سەر بە پاێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.


PM:04:58:18/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت