رۆڵی له‌ شه‌ڕی عێراق و ئێراندا هه‌بووه‌، زانیاری لەسەر فەرماندەی کوژراوه‌كه‌ی بەسیج


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی ئازاری 2026، ئیسرائیل کوژرانی غوڵام ڕەزا سولەیمانی، فەرماندەی بەسیج، لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوه‌ڕاستی تاران ڕاگەیاند.


غوڵام ڕەزا سولەیمانی کێ بوو؟

ناوبراو ساڵی 1963 لەدایک بووە، عەمید بووە لە سوپای پاسدارانی ئێران و لە مانگی تەمموزی 2019ەوە، سەرۆکایەتی رێكخراوی بەسیجی کردووە.

ساڵی 1981 پەیوەندی بە سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ کردووە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا، فەرماندەیی سریه‌یه‌ك پاشان بووه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌یه‌ك، دواتر بەشداری لە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا کردووە.

سەرەڕای لێکچوونی ناوی خانه‌واده‌كه‌ی، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسەوە نییە کە لە مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 2020 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە كوژرا.

ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان، یەکەی بەسیج، لەژێر فەرماندەیی ئەودا، به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ ئامرازێکی سەرەکیی بوو، بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران.

به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی Israelnationalnews، پێشبینی دەکرێت، کوشتنی غولام ره‌زا سولەیمانی، توانای بەسیج بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ، بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز ده‌كات، بەتایبەتی له‌گه‌ڵ زۆربوون و هه‌ڵكشانی زیاتری فشاره‌كانی ناوخۆی ئێران.

تیرۆركرنی سه‌ركرده‌كان

ئاشكرایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل، چەندین جار هەڕەشەیان له‌ تیرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و بەرپرسانی سەربازیی ئێران کردووە.

له‌م باره‌یه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌، 17ی ئازاری 2026، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانی بە ئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ڕژێمی ئێرانیان ده‌ركردووه‌.


PM:03:04:17/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت