سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی "سنووردار"ی بۆ سه‌ر باشووری لوبنان دەستپێکرد
وێستگەنیوز-
ئه‌مڕۆ دووشەممە 16ی ئازاری 2026، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ به‌هێزكردنی به‌رگرییه‌كانی پێشه‌وه، ئۆپەراسیۆنی زەمینی سنوورداریان لە دژی پێگەکانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە.
سوپای ئیسرائیل ده‌ڵێت، "هێزه‌كانی لیوای 91، ئۆپه‌راسیۆنی زەمینی سنوورداری لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە و ژێرخانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج".
له‌م باره‌یه‌وه دوێنێ یه‌كشه‌ممه، ده‌سته‌ی پەخشی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند حکومەتی ئیسرائیل، به‌نیازه داوای ره‌زامه‌ندی بكات به بانگكردنی 450 هەزار سەربازی یەدەگ.
ده‌سته‌كه باس له‌وه ده‌كات، "ئەم داواکارییە لەسەر ڕاسپاردەی سوپای ئیسرائیل و دامەزراوە ئەمنییەکان دێت، بۆ دڵنیابوون لە زۆرترین ئامادەكاریی، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە مه‌یدانییه‌کانی بەرەی باکوور".
له لایه‌كی دیكه‌وه، سوپای ئیسرائیل به‌ره به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشەممە، ڕایگەیاند کە ژێرخانی حیزبوڵڵای لوبنانیان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان كردووه‌ته ئامانج.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئیسرائیل هێرشی كردووه‌ته سه‌ر باشووری بێروت، ئه‌مه دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل، سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی یه‌ك شه‌ممه، هۆشدارییدا به‌وه‌ی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ئه‌و ناوچه‌یه چۆڵبكرێت.
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی دوێنێ یه‌كشه‌ممه 15ی ئازاری 2026، ڕایانگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئیسرائیل و لوبنان دانوستان بکەن، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی کە ببێتە هۆی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنان، بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک سەبارەت بە کاتی و مەرجەکانی ئەم دانوستانانە نه‌كراوه".
لوبنان کارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شاندێك بۆ دانوستانه‌كان پێكبهێنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک، بۆ ئه‌نجامدانی دانوستانه‌كان دیاری نەکراوە.
AM:10:58:16/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 56
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت