به‌رپرسێكی ئێران وردەکارییەکانی دوو هەوڵی تیرۆرکردنی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دەچێتە هەفتەی سێیەمی خۆیەوە، بەڵام گرژییەکان بەردەوام بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچێت.
کاربەدەستێکی ئێرانی دوێنی هەینی، 13ی ئاداری 2026، ئاشکرای کرد موجتەبا خامنەیی ڕابەری نوێی ئێران، لە دوای جێگرتنەوەی باوکی، لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.
محەممەد ڕەزا ڕەزایی کووچه‌یی، ئەندامی پەرلەمانی ئێران، له لێدوانێكیدا بۆ ئەلعەرەبیە و ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانی، ئه‌وه‌ی پشتڕاستكرده‌وه یەکەم هەوڵی تیرۆركردنی موجته‌با، لە کاتی ئەو هێرشەدا بوو كه بووه هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، دووەمیان له‌و نه‌خۆشخانه‌یه بوو كه موجته‌بای تێدا بوو. به‌م جۆره هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ له‌ناوبردنی موجته‌با شكستیانهێناوه.
لەبەرامبەردا، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، وێنەیەکی تەواو جیاواز سه‌باره‌ت به دۆخی ژیانی رابه‌ری نوێی ئێران ده‌خاته‌ڕوو، له‌م باره‌یه‌وه، له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند موجتەبا خامنەیی، پێشتر لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکان برینداربووه و "روخساری شێواوه" و "شه‌رعیه‌تی نییه" و ڕابەرایەتیی ڕژێمێک دەکات له پاشه‌كشه‌دایه، له كاتێكدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا له پێشڕه‌ویدان.
ئەم ڕاگەیاندنه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا، هاوکات بوو لەگەڵ پرۆگرامی "پاداشت له پێناو دادپەروەری" کە بڕی 10 ملیۆن دۆلار، وه‌ك پاداشت ده‌دات به‌و كه‌سه‌ی زانیاری لەسەر موجتەبا و لیستی فەرماندەکانی سپای پاسداران، پێشکەش ده‌كات، ئه‌مه ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ لابردنی پارێزبه‌ندی ئەمنی و سیاسی، له‌و بازنه به‌رته‌سكه‌ی له ده‌وری رابه‌ردایه.
له رووی مه‌یدانییه‌وه، تۆنی ته‌حه‌داكانی لایه‌نه‌كانی شه‌ڕه‌كه، وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا موجتەبا خامنەیی، لە یەکەم پەیامی نووسراوی خۆیدا، به‌ڵێنیدا بەردەوام بێت لە شەڕ و هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی، ئه‌م هەڵوێسته، به‌خێرایی له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه، به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی درا.
هاوکات بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردەوە "ئێستا هەلومەرجی گۆڕینی ڕژێم ئاماده‌یه"، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند وڵاتەکەی، تواناكانی ئێرانی به "تەواوی لەناوبردووە".
ئاماژەی بۆ ئه‌وه كرد، بۆردوومانه‌كان تا وێرانكردنی دوا مۆڵگه و باره‌گاكانی هێزه‌كانی ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌مه لەکاتێکدایە نرخی نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایه بۆ سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
PM:10:44:14/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 128
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت