مانگی سووری ئێران: بەهۆی بۆردومانکردنی قوتابخانەکانی ئێرانەوە 206 قوتابی و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە گیانیان لەدەستداوە
وێستگەنیوز-
مانگی سووری ئێرانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی بۆردومانکردنی قوتابخانەکانی ئێرانەوە 206 قوتابی و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژە بەوەشدەکات، 160 ناوەندی تەندروستی زیانیان پێگەیشتووە.
ئەمڕۆ شەممە 14ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا مانگی سووری ئێرانی رایگەیاند، "هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەتە هۆی زیانگەیاندن و وێرانکردنی 160 ناوەندی تەندروستی و 120 قوتابخانە لە سەرانسەری وڵاتدا".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی بۆردومانکردنی قوتابخانەکان، 206 قوتابی و فەرمانبەری کەرتی پەروەردە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە 16 کارمەندی تەندروستی و یەک کارمەندی فریاگوزاری لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی مرۆییاندا کوژراون".
مانگی سووری ئێرانی دەڵێت، "زیانەکان تەنیا ناوەندە تەندروستی و پەروەردەیییەکان نەگرتووەتەوە، بەڵکو هەزاران باڵەخانەی مەدەنی، لەوانە ماڵی هاووڵاتییان، بازاڕ و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانیش بە ئامانج گیراون".
دەشڵێت، "تیمەکانی فریاگوزاری و رزگارکردن بە درێژایی شەو و رۆژ لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی قوربانییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکان و گەیاندنی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان و خواردن بە زیانلێکەوتووان".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بە ئامانجگرتنی ناوەندە پزیشکی و پەروەردەیییەکانی بە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکانە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، بەزووترین کات بۆ پاراستنی هاوڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوەکان دەستتێوەردان بکەن".
PM:05:59:14/03/2026
ئهم بابهته 200
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت