ئێران یه‌كه‌م هێرشی هاوبەشی نێوان سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای ڕاگەیاند کە 50 شوێنی ئیسرائیلی کردووه‌تە ئامانج
وێستگەنیوز-
له دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه له 28ی شوباتی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ حیزبوڵلای لوبنانی، پێكه‌وه یه‌كه‌م ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش و هاوئاهه‌نگیان ئه‌نجامداوه.
به‌م هه‌نگاوه، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە بەرەی لوبنان و ئیسرائیل، چووەتە قۆناغێکی نوێ و زۆر مەترسیداره‌وه.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگه‌ی "مۆنتی کارلۆ ئینتەرناشناڵ" ئەم ئۆپەراسیۆنە کە ناوی "شەپۆلی 40"ی لێنراوە، زیاتر لە 50 شوێنی ناو ئیسرائیلی، بە تێکەڵەیەکی قورس، لە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کردووه‌تە ئامانج، لە هێرشێکدا کە نزیکەی پێنج کاتژمێری بەردەوامی خایاندووه.
سوپای پاسداران ڕوونی کردەوە، ئەو جبەخانەیەی بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه بەکارهێنراوە، مووشەکی پێشکەوتووی قەدر و عیماد و فەتاحی، له‌خۆگرتبوو.
هاوکاتە حیزبوڵڵا له ئۆپه‌راسیۆنێكدا كه ناوی لێناوه" العصف المأكول" له رێگه‌ی هه‌ڵدانی نزیکەی 200 موشەک و 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه، كۆمه‌ڵێك شوێنی ستراتیژی هه‌ستیاری كردووه‌ته ئامانج، له‌وانه بنكه‌ی میسگاڤ و کۆمپانیای یودیڤات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەیفا، بنکەکانی ئەمیعاد و شه‌مشون و بارەگای فەرماندەیی باکوور لە بنکەی دادۆ، لای خۆیەوە وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، وەک لە ڕاپۆرتی مۆنتی کارلۆ ئینتەرناشناڵدا هاتووە، ئەم هێرشەی بە "گەورەترین" هێرش وەسفکردووە و جەختی لەوە کرده‌وه، بەرگرییە ئاسمانییەکان، رێگریان له زۆربەی موشەکەکان كردووه، بەمەش زیانی مرۆیی كه‌مبووه و ته‌نها چه‌ند برینداربوونێكی سوكی لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل به شێوه‌یه‌كی خێرا وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌ی دایه‌وه و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، هێرشی توندیان کردە سه‌ر سه‌كۆكانی هه‌ڵدانی موشه‌ك و کۆگاکانی چەک و ته‌قه‌مه‌نیان کردە ئامانج و بۆردومانكردنی باره‌گای فه‌رمانده‌یی له بێروت كه گومان دەکرا پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبێت.
PM:08:07:12/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 76
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت