وەزیری جەنگی ئەمریکا: هێزەکانمان توانیویانە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرن


وێستگەنیوز-

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ هێرشی چڕتر دەکەنە سەر ئێران، ئاماژە بەوەشدەکات، هێزەکانیان توانیویانە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرن.


ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هێرشەکانی ئەمڕۆیان بۆ سەر ئێران لە هەموو هێرشەکانی پێشوو توندتر دەبن".

ئاماژەی بەوەکرد، "هێزەکانمان توانیویانە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرن، ئێستا توانای تاران بۆ هەڵدانی مووشەک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە".

وەزیری جەنگی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بنکە مەدەنییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ هەڵدانی مووشەک بەکاردەهێنێت و بە ئەنقەست هاووڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

جەختی لەوەشکردەوە، "ئامانجمان لەناوبردنی تەواوەتیی موشەکەکانی ئێران و ژێرخانی پیشەسازییە سەربازییەکەیەتی، وێڕای ئەوەی کە لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێرانیش یەکێکی دیکەیە لە ئامانجە ستراتیژییەکانیان".

وەزیری جەنگی ئەمریکا وتی: "ئێستا ئێران بە تەنیا ماوەتەوە و ئەمریکا لە رێگەی باڵادەستیی هێزی ئاسمانی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ترەمپ سەرکەوتن بەسەر ئەو وڵاتەدا بەدەست دەهێنێت".

پیت هێگسێت وتی، "ئێرانییەکان کێبڕکێیان لەگەڵ کاتدا دەکرد بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و دەیانویست جیهان وەک بارمتە بگرن، بەڵام ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە بەوپەڕی توندییەوە ڕێگری بکەین لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".


PM:03:52:10/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو