چۆن جه‌نگی ئێران رێڕه‌وی نه‌وت و غازی جیھان داده‌خات؟
وێستگه‌نیوز، نیویۆرك تایمز -
ڕۆژانه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی نزیكه‌ی 80 گوێزه‌ره‌وه‌ی نه‌وت و غاز به گه‌رووی هورمزدا تێده‌په‌ڕن؛ ئه‌و رێڕه‌وه ئاوییه ته‌سكه‌ی كه‌وتووه‌ته كه‌ناراوه‌كانی باشووری ئێران و پێنجیه‌كی نه‌وتی جیهان و بڕێكی زۆری غازی سروشتی لێوه ده‌گوازرێته‌وه.
به‌پێی شیكارییه‌كی رۆژنامه‌ی (نیویۆرك تایمز) بۆ چالاكییه ده‌ریاییه‌كان كه له كۆمپانیای داتای پیشه‌سازی "Kpler" وه‌رگیراوه، رۆژی دووشه‌ممه ته‌نها دوو گوێزه‌ره‌وه‌ی نه‌وت و غاز له گه‌رووه‌كه په‌ڕیونه‌ته‌وه. له‌و كاته‌وه تا ئێستا ته‌نها یه‌ك تانكه‌ر تێپه‌ڕیوه.
دان پیكهرینگ، به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنان له كۆمپانیای "Pickering Energy Partners" له هییوستن، ده‌ڵێت: "ئه‌مه داخستنێكی دیفاكتۆیه (كردهیییه). ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌شتی له هه‌ردوو دیوی گه‌رووه‌كه وه‌ستاون، به‌ڵام كه‌س ئاماده نییه تێپه‌ڕێت".
تانكه‌ره‌كان له دوای هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران كه له رۆژی شه‌ممه‌وه ده‌ستی پێكردووه، له گه‌رووی هورمز دوور ده‌كه‌ونه‌وه. ململانێیه‌كی درێژخایه‌ن ده‌كرێت كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ئابووری جیهان دروست بكات و هه‌ڕه‌شه له دابینكردنی وزه‌ی ئه‌و وڵاتانه ده‌كات كه له‌و سه‌ری جیهانن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان.
نرخی نه‌وتی جیهانی له دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌وه به رێژه‌ی 12٪ به‌رزبووه‌ته‌وه و رۆژی سێشه‌ممه به نزیكه‌ی 81 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه، هه‌روه‌ها نرخی غازی سروشتی له ئه‌وروپا و ئاسیا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه.
به‌رپرسێكی باڵای سه‌ربازی ئێران رۆژی دووشه‌ممه هه‌ڕه‌شه‌ی "ئاگر تێبه‌ردانی" هه‌ر كه‌شتییه‌كی كرد كه به گه‌رووی هورمزدا تێپه‌ڕێت. پێشتر هه‌ندێك كه‌شتی له ناوچه‌كه‌دا كه‌وتوونه‌ته به‌ر هێرش. هه‌روه‌ها چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی نه‌وت و غاز به‌هۆی تۆپبارانی نزیكیانه‌وه زیانیان پێگه‌یشتووه یان كاریان تێكراوه، هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تادا زیانه‌كان به كاره‌ساتبار دانه‌نرابوون.
شوێنی زیانگه‌یشتن به كه‌شتییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی وزه
به‌رپرسان رایانگه‌یاند، رۆژی سێشه‌ممه له ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی وزه له فـوجـه‌یره‌ی ئیمارات ئاگرێك كه‌وته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی پاشماوه‌ی درۆنێكی پێكراو. رۆژی دووشه‌ممه، قه‌ته‌ر به‌رهه‌مهێنانی غازی سروشتی شلكراوهی (LNG) راگرت، دوای ئه‌وه‌ی هێرش كرایه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی.
كه‌مبوونه‌وه‌ی توندی هاتوچۆی گوێزه‌ره‌وه‌كان ده‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی خستنه‌ڕووی نه‌وت و غاز له بازاڕه‌كانی جیهاندا و نرخی هه‌ردووكیان به‌رز ده‌كاته‌وه. هه‌رچه‌نده كه‌شتییه‌كان زیاتر له گه‌رووی هورمز دوور بكه‌ونه‌وه، نه‌وت و غازی كه‌متر ده‌گاته جیهان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری نرخه‌كان.
كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی بۆ پاراستنی تاقم و باره‌كانیان كاره‌كانیان راگرتووه، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی دڵنیایی (تأمین) تێچوویه‌كی زۆر زیاتر وه‌رده‌گرن بۆ كه‌ڤه‌ری ئه‌و كه‌شتیانه‌ی له ناوچه‌ی ململانێكهدان.
ڕۆژی سێشه‌ممه، سه‌رۆك تره‌مپ رایگه‌یاند كه "ئه‌گه‌ر پێویست بكات"، هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا ده‌ست ده‌كات به یاوهرییكردنی تانكه‌ره‌كان له رێگه‌ی گه‌رووه‌كه‌وه. هه‌روه‌ها وتی ئاژانسێكی حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌ست ده‌كات به پێشكه‌شكردنی "دڵنیایی مه‌ترسی سیاسی" به هێڵه‌كانی گواستنه‌وه له ناوچه‌كه‌دا.
جگه له تانكه‌ره‌كان، كه‌شتییه گه‌وره‌كانی تریش به شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك به گه‌رووه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕن، له‌وانه كه‌شتییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل و كه‌شتییه كۆنتێنه‌ره‌كان. له بارودۆخی ئاسایی‌دا، رۆژانه نزیكه‌ی 160 كه‌شتی ئه‌و گه‌شته ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هه‌ندێك كه‌شتی له ناوچه‌كه‌دا ئه‌و ئامێرانه ده‌كوژێننه‌وه كه شوێنه‌كانیان په‌خش ده‌كه‌ن، هه‌ندێكی تریش شوێنی ناڕاست ده‌نێرن، ئه‌مه‌ش واده‌كات وێنایه‌كی ته‌واوی هاتوچۆ له گه‌رووه‌كه‌دا به ده‌سته‌وه نه‌بێت.
كه‌شتی "شیڤا" (Shiva) گوێزه‌ره‌وه‌یه‌كی بچووكی نه‌وته كه چه‌ندین جار شوێنی خۆی به هه‌ڵه نیشان داوه، ئه‌مه‌ش به‌پێی ماڵپه‌ڕی "TankerTrackers.com" كه چاودێری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی جیهانی ده‌كات. به‌پێی زانیارییه‌كانی Kpler، گومان ده‌كرێت ئه‌م كه‌شتییه نه‌وتی سزادراوی ئێران بگوازێته‌وه. شیڤا یه‌كێك بوو له‌و دوو تانكه‌ره‌ی كه رۆژی دووشه‌ممه له گه‌رووه‌كه په‌ڕییه‌وه.
له ساڵی 2024دا، زیاتر له 80٪ی ئه‌و نه‌وت و غازه‌ی له رێگه‌ی گه‌رووی هورمزه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئاسیا چووه. به‌پێی ئیداره‌ی زانیاری وزه‌ی ئه‌مریكا، چین، هیندستان، ژاپۆن و كۆریای باشوور له پێشه‌نگی ئه‌و وڵاتانه بوون كه زۆرترین كاڵایان لێوه هاورده كردووه.
وڵاتان خاوه‌نی كۆگای یه‌ده‌گی وزه‌ن كه ده‌توانێت بۆ چه‌ند مانگی داهاتوو به‌شیان بكات، به‌ڵام به‌رده‌وامبوونی داخرانی گه‌رووه‌كه ده‌كرێت زیانی گه‌وره به ئابوورییه‌كانیان بگه‌یه‌نێت.
له ساڵانی رابردوودا چه‌ندین په‌ككه‌وتنی گه‌وره له زنجیره‌ی دابینكردندا روویانداوه و بازاڕه‌كانیان شڵه‌ژاندووه، به‌ڵام وه‌ستانی تانكه‌ره‌كان له گه‌رووی هورمزدا ده‌كرێت كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌تر و بێوێنه‌ی هه‌بێت.
AM:11:58:04/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت