ئێران وەڵامی قسەکانی ترەمپ دەداتەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێس وتارێکی پێشکەشکرد و باسی، لە دروستکردنی مووشەکی کیشوەر بڕکرد لەلایەن ئێرانەوە وتەبێژی دەرەوەی ئەو وڵاتە قسەکانی ترەمپ بە "درۆ" ناودەبات.


ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، مووشەکی بالیستیی کێشوەربڕ و ژمارەی گیان لەدەستدراوانی نائارامییەکانی مانگی کانوونی دووەم دەکرێن، تەنیا دووبارەکردنەوەی زنجیرەیەک درۆی گەورەن، نابێت هیچ کەسێک بکەوێتە داوی ئەم جۆرە درۆیانەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم رێسایە ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەرمان، بەتایبەت ئیسرائیل، بۆ برەودان بە کەمپەینە شەیتانییەکەیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ و ساختە دژی نەتەوەی ئێران بەکار دەهێنرێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتاری ساڵانەی لە کۆنگرێس پێشکەش کرد و سەبارەت بە دۆخی دانوستان لەگەڵ ئێران رایگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکە لەگەڵ تاران چارەسەربکەین و ئەوانیش رێککەوتنی دەوێت، بەڵام هەرگیز رێگەنادەن چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن."

ترەمپ راشیگەیاند "مووشەکانی ئێران دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی مووشەک دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمیان لەناوبرا، بەڵام دووبارە دەستیان بەدروستکردنی کردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد، " لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران 32 هەزار کەس کوژران، ئەمریکا نەبوایە خەڵکی زیاتریش لەسێدارە دەدران".


AM:10:43:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت