دۆناڵد ترەمپ: هەرگیز رێگە بە ئێران نادەم چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سەردەمی زێڕینی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە، ئاماژەی بەوەکرد، هەرگیز رێگە بە ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.


بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یەکەم گوتاری ساڵانەی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی له کۆنگرێس پێشکەشکرد و رایگەیاند، "سەردەمی زێڕینی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە و ئێستا سەرنجڕاکێشترین وڵاتین لە جیهاندا".

لە وتارەیەکەیدا ترەمپ باسی لە ئێران کرد و ئاماژەی بەوەدا، "لە هەڵوێستی دیپلۆماسی بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبین و هەرگیز رێگە بە ئێران نادەم چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت".

راشیگەیاند، "مووشەکانی ئێران دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی مووشەک دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمیان لەناوبرا، بەڵام دووبارە دەستیان بەدروستکردنی کردووەتەوە".

باسی لەوەشکرد، "لە نۆ مانگی رابردوودا هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی بەتەواوی راگیراوە و سنوورەکان پارێزراون".

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، "لە 11 مانگی رابردووی سەرۆکایەتیم دا کۆتاییم بە هەشت جەنگ و شەڕ هێناوە".

هەروەها باسی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا کرد لە بارەی باجەوە و وتی، " من باجم بەکارهێنا و سەدان ملیار داهاتم دەستکەوت، بڕیارەکەی دادگای باڵاش جێگەی داخە".

وتیشی، "باجەکان بەپێی یاسا پەسەندکراوەکانی بەدیل دەمێننەوە سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای باڵا".

سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆنگرێس کرد یاسای "SAVE America" پەسند بکەن کە مەرجی ناسنامە و دڵنیابوونەوە لە رەگەزنامە بۆ دەنگدان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی بازرگانیی ناوخۆیی (Insider Trading) بۆ ئەندامانی کۆنگرێس.


AM:09:27:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت