لە کۆشکی سپیەوە پەیامێکی توند بۆ باندە هۆشبەرەکانی مەکسیک

‌کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی

وێستگەنیوز_
لە دوای کوژرانی گەورەترین سەرۆک باندی مەکسیک "ئێڵ مێنچۆ" کۆشکی سپی پەیامیکی توند ئاراستەی باندەکانی مادە هۆشبەرەکان دەکات و دەڵێت، "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەمریکی، رووبەرووی لێکەوتەی مەترسیدارتان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24-2-2026 کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند "باندەکانی مەکسیک باش دەزانن کە نابێت دەست بۆ هیچ ئەمریکییەک بەرن، ئەگەرنا لە سەردەمی ئەم سەرۆکەدا (دۆناڵد ترەمپ) رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر قورس دەبنەوە." لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە سەرکەوتووەی سوپای مەکسیک بۆ کوشتنی سەرۆک باندەکە، بە پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بووە و ئەگەر سەرکردایەتی ترەمپ نەبوایە، روداوی لەو شێوەیە نەدەبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیمیسیۆ ئۆسیگیرا، ناسراو بە (ئێل مێنچۆ) کە تەمەنی 59 ساڵ بوو، سەرۆکی کارتیلی "خالیسکۆ نەوەی نوێ" بوو. لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی سوپای مەکسیکدا بریندار کرا و لە کاتی گواستنەوەی بە فڕۆکە بۆ مەکسیکۆ سیتی گیانی لەدەست دا. ئەمریکا پێشتر بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت دیاری کردبوو بۆ هەر کەسێک زانیاری لەسەر بدات.

هاوکات، دوای کوژرانی (ئێل مێنچۆ)، شەپۆلێکی توندوتیژی زیاتر لە 20 ویلایەتی مەکسیکی گرتەوە. چەکدارانی باندەکە چەندین رێگەی سەرەکییان بە ئۆتۆمبێلی سوتاو داخست و بەو هۆیەوە قوتابخانە و بازاڕەکان لە شاری گوادالاخارا داخران. حکومەتی مەکسیک 10 هەزار سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بڵاوکردوەتەوە. تا ئێستا لە پێکدادانەکاندا 25 کارمەندی ئەمنی و 30 چەکداری باندەکە کوژراون


PM:10:04:24/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت