هیندستان تاکە وڵاتە ئیدانه‌ی هێرشەکانی پاکستانی بۆ سه‌ر ئەفغانستان كرد
وێستگه‌نیوز –
تا ئیستا، نه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و نه هیچ وڵاتێكی دیكه، جگه له هیندستان، هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستانیان بۆ سەر پارێزگاکانی نەنگەرهار و پاکتیکا لە ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ئیدانە نەکردووە.
ڕاندیر جایسڤاڵ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەدا ڕایگەیاند نیودەلهی پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەفغانستان دەکات.
پێشتر چەند وڵاتێک لەوانە ڕوسیا، ئێران، قەتەر، سعودیە و تورکیا، دوای پێکدادانەکانی نێوان بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و پاکستان، داوای دانبه‌خۆداگرتنیان کردبوو.
مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، دوای پێکدادانەکانی سنووری نێوان تاڵیبان و پاکستان، سعودیە جەختی لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە کردەوە.
هه‌وره‌ها جەختی لەوە کردەوە، گرتنه‌به‌ری ئەم ڕێبازە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە. له هه‌مان ئه‌و كاته‌دا، هه‌ردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، داوایان لە تاڵیبان و پاکستان کرد دانبه‌خۆیاندا بگرن.
به‌ڵام له‌م هێرشه تازه‌یه‌ی پاکستان بۆ سەر ناوچەکانی ناوخۆی ئەفغانستان، تەنانەت ڕووسیا کە تاکە وڵاتێکە دانی بە ئیدارەی تاڵیباندا ناوه، بێدەنگ بووه.
تاڵیبان هێرشەکانی پاکستانی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری ئەفغانستان، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتی باش و پێشێلکردنی بەها ئیسلامییەکان" وەسفکرد و ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوه‌كان گەیشتووەتە 18 کەس.
لە بەرامبەردا پاکستان ڕایگەیاند له ئه‌نجامی ئه‌م هێرشانه‌دا، نزیكه‌ی ٧٠ چەکدار كوژراون، پاكستان چه‌ندینجار هێندستانی به‌وه تۆمه‌تبار كردووه كه پشتگیری یاخییه‌كانی بلوجستان ده‌كات و تالیبانی ئه‌فغانستانیش هاوكاری هیندستان ده‌كات.
AM:11:42:24/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 88
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت