ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت و بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ بەشداری دانوستانەکە بکات.


بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 17ی شوباتی 2026، بە نێوەندگیری عومان گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوەبچێت؛ شاندی ئەمریکی هەر لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، شاندی دانوستانکاری ئێرانیش لەلایەن عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەرۆکایەتی دەکرێت.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دانوستان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی، بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەمریکا بەڕێوە دەچن.

لە بارەی گەڕی نوێی دانوستانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانییەکانی بە دانوستانکاری خراپ ناوبردووە و رایگەیاندووە، چاودێری دانوستانەکانی ئەمرۆ دەکات و بە ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت.

ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەگەر ئێرانییەکان دانوستانکاری باشبوونایە، بەر لەوە فڕۆکەی جەنگی "B2" هێرشیان بکاتە سەر لەگەڵ ئەمریکا رێکدەکەوتن".

ترەمپ دەشڵێت، "ئێران دەیەوێت رێککەوێت، چونکە لە دەرئەنجامی رێکنەکەوتن تێگەیشتوون، کە چەندە خراپە بۆیان".

هەر بۆ نێوەندگیری دانوستانەکان، بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان دوای گەیشتنی بۆ سویسرا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە و ئەلبوسەعیدی جەختی لە هەڵوێستی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووەتەوە.

لە رۆژی 6ی شوباتی 2026، گەڕی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری سەڵتەنەی عومان لە مەسقەت دەستیپێکردەوە.


AM:10:15:17/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت