نێرگز محه‌مه‌دی گواسترایه‌وه بۆ زیندانی زه‌نجان
وێستگه‌نیوز –
به گوێره‌ی لێدوانی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، چالاكوان نێرگز محه‌مه‌دی كه ساڵی 2023 خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وه‌رگرت، له سه‌نته‌ری ده‌ستبه‌رداگرتن له شاری مه‌شهه‌ده‌وه، گواستراوه‌ته‌وه بۆ زه‌نجان له باكووری وڵات، بێ ئه‌وه‌ی پێشتر ئاگاداركرابێتهوه.
نێرگز محه‌مه‌دی به‌وه ناسراوه چالاكییه‌كانی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له سێداره‌دان و ره‌تكردنه‌وه‌ی پۆشینی زۆره‌ملێی حیجابه له ئێران، هه‌ر بۆیه به‌شی زۆری ئه‌م 10 ساڵه‌ی ژیانی، له پشت شیشی زیندانه‌كانه‌وه به‌سه‌ربردووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2024، به‌هۆی تێكچوونی دۆخی ته‌ندروستییه‌وه، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ئازادیان كرد و له ده‌ره‌وه‌ی زیندان مایه‌وه، به‌ڵام له مانگی كانونی یه‌كه‌می 2025، دووباره ده‌ستگیریان كردووه، به‌هۆی به‌شداریكردنی له په‌راوێزی یادكردنه‌وه‌ی كۆچی دوایی دادوه‌رێكدا، له‌و یاده‌دا دروشمی دژ به رژێمی ئێرانی وتووه‌ته‌وه.
هه‌فته‌ی رابردوو، پارێزه‌ره‌كه‌ی رایگه‌یاند دادگا حوكمێكی نوێی بۆ ده‌ركردووه و بریتییه له زیندانیكردنی بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ. ئه‌مه له كاتێكدایه دامه‌زراوه‌كه‌ی نێرگز محه‌مه‌دی، باس له‌وه ده‌كات نێرگز به‌هۆی تێكچوونی بارودۆخی ته‌ندروستییه‌وه، ئه‌و مانگرتنه‌ی له خواردن شكاند كه نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بوو، ده‌ستی پێكردبوو.
نێرگز ته‌مه‌نی 53 ساڵه، له‌و كاته‌وه‌ی له سه‌نته‌ری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی هه‌واڵگرییه له شاری مه‌شهه‌د له باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئێران، ده‌ستبه‌سه‌ركراوه، ته‌نها رێگه‌ی ئه‌وه‌یان پێداوه، له ناوه‌وه‌ی ئێران، په‌یوه‌ندی به براكه‌ی و پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه بكات.
به‌ڵام به گوێره‌ی لێدوانێكی هاوسه‌ره‌كه‌ی ته‌قێ ره‌حمانی كه له پاریس داده‌نیشێت، ده‌سه‌ڵاتداران له شوێنی دهستبهسهركردنییهوه گواستوویانه‌ته‌وه بۆ زیندانی شاری زه‌نجان كه شوێنی له‌دایكبوونیه‌تی.
له‌م باره‌یه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌ی له سه‌كۆی "ئێكس" نووسیویه‌تی "بێ ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی یان پارێزه‌ره‌كه‌ی ئاگادار بكه‌نه‌وه، ئه‌و كاره‌یان كردووه" و پێیوایه ئامانج له‌و گواستنه‌وه‌یه "دوورخستنه‌وه‌ی نێرگزه".
له كاتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2025وه، ته‌نها رێگه‌ی پێدراوه یه‌ك جار په‌یوه‌ندی به‌و برایه‌ی بكات كه له ناوه‌وه‌ی ئێرانه، له‌گه‌ڵ دوو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره ئێرانییه‌كه‌ی.
دامه‌زراوه‌ی نێرگز محه‌مه‌دی كه لایه‌نگرانی و خانه‌واده‌كه‌ی به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن، ئه‌وه‌یان روونكردووه‌ته‌وه نێرگز، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو گواستراوه‌ته‌وه. به‌ڵام نه‌یانتوانیوه به‌و گواستنه‌وه‌یه بزانن تا ئه‌و كاته‌ی دوێنێ شه‌ممه، 14ی شوباتی 2026، مسته‌فا نیلی پارێزه‌ره‌كه‌ی، په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه كردووه و هه‌واڵی گواستنه‌وه‌كه‌ی پێڕاگه‌یاندوون.
نیلی له نووسینێكدا له سه‌كۆی "ئێكس" ده‌ڵێت: "له گفتوگۆیه‌كی كه‌م و كورتی نێوانماندا، نێرگز باسی له‌و تووندوتیژییانه كرد كه له كاتی ده‌ستگیركردنه‌كه‌یدا دووچاری بووه، به‌تایه‌ت ئه‌و لێدانه تووندانه‌ی به‌ر سه‌ری كه‌وتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و فشاره زۆره‌ی له كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا لێیكراوه".
پارێزه‌ره‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌و لێدانانه‌ی به‌ر سه‌ری كه‌وتووه، وایكردووه تووشی سه‌رسوڕان و گێژبوون و تێكچوونی بینین ببێت و هێشتا شوێنی بۆكس و شوێنه‌واری لێدانه توونده‌كانی سه‌ر جه‌سته‌ی، ماونه‌ته‌وه و دیارن".
لیژنه‌ی نۆبڵی نه‌رویج، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردوو، ناڕه‌زایی خۆی له ده‌ستگیركردنی نێرگز محه‌مه‌دی ده‌ربڕی و هۆشداری دا له تێكچوونی باری ته‌ندروستی محه‌مه‌دی و ئیدانه‌ی "ده‌ستبه‌سه‌ركردنه توندوتیژییه‌كه‌ی و ده‌ستدرێژی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یی كرد كه هه‌ڕه‌شه له ژیانی ده‌كات". ئه‌مه به وته‌ی ته‌قێ ڕه‌حمانی هاوسه‌ری كه نیشته‌جێی پاریسه.
PM:04:37:15/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت