رۆیتەرز: دانوستانی داهاتووی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایدەگەیەنێت، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە دوو خولی جیاوازی وتوێژی دیپلۆماسی لە جنێڤ بەڕێوە بچێت، یەکێکیان سەبارەت بە ئێران و ئەوی دیکەیان سەبارەت بە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا.


ئەمڕۆ شەممە 14ی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "بەیانی رۆژی سێشەممە 17ی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر لە جنێڤ لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆدەبنەوە، هەروەها نوێنەرانی عومان وەک نێوەندگیر لەم خولەی دانوستانەکاندا لە جنێڤ دەبن".

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەداوە، دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران، بڕیارە هەر هەمان رۆژ ویتکۆف و کوشنەر بەشداریی لە گفتوگۆیەکی سێ قۆڵیدا بکەن لەگەڵ نوێنەرانی رووسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

رۆژی هەینی 6ی شوباتی 2026، لە مەسقەت گەڕی نوێی دانوستان ئێران و ئەمریکا بە ئامادەبوونی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە، بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی و چەند پرسێکی دیکە کردووە.

لە دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "گفتوگۆکان ئەرێنی بوون، دەتوانم بڵێم سەرەتایەکی باشە".


AM:09:52:14/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت