بۆ یه‌كه‌مجاره كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری ده‌رباره‌ی كه‌وتنی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سد بڵاوده‌كرێته‌وه
وێستگەنیوز-
به گوێره‌ی راپۆرتێكی فراوان كه گۆڤاری "ئه‌تڵانتیك The Atlantic"ی ئه‌مریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، كه‌وتنی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سد، ته‌نها به‌هۆی فشاری وه‌رچه‌رخانه جیۆپۆڵه‌تیكییه‌كانه‌وه نه‌بووه. به‌ڵكو به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتدارێكه‌وه بووه له واقعی دابڕابوو، هه‌مو كاته‌كانی به یاری "كاندی كراش/ Candy Crush" و په‌یوه‌ندی راگوزه‌ر به‌سه‌ر بردووه، له كاتێكدا ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له ناوه‌وه داده‌ڕزا و سه‌ربازه‌كانی بێ موچه به‌جێهێشتووه و له برسانا ناڵاندوویانه.
ده‌سه‌ڵاتدارێك شه‌یدای سێكس و یاری ئه‌لكترۆنی و ژیانی ناو كۆشك بوو
راپۆرته‌كه له زاری ئه‌ندامێكی سیاسی پێشووی حزبوڵلا و به‌رپرسێكی پێشووی ئیسرائیل ده‌ڵێت كه‌ش و هه‌وای ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی، له‌بارنه‌بوو بۆ هیچ جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی روون، چونكه به‌شار به‌شی زۆری كاته‌كانی به یاری "كاندی كراش" و یاری ڤیدیۆیی ناو مۆبایله‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌برد، ئه‌مه له كاتێكدا بوو بازنه‌یه‌كی به‌رته‌سك له روخساره گه‌نجه‌كانی له‌خۆی كۆكردبوه‌وه كه خاوه‌نی "بڕوانامه‌ی گوماناوی" بوون.
له ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا، ناوی لۆنا ئه‌لشبل، پێشكه‌شكاره‌كه‌ی پێشووی كه‌ناڵی جه‌زیره، به‌دیاركه‌وت و ببوو به راوێژكاری میدیایی و له هه‌مان كاتدا عه‌شیقه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بوو. ته‌نانه‌ت به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راپۆرته‌كه، لۆنا ئافره‌تی دیكه‌ی بۆ هێناوه، له‌وانه هاوسه‌ری ئه‌فسه‌ره گه‌وره‌كانی سوپا و ده‌زگاكانی دیكه. هه‌روه‌ها ده‌وترێت لۆنا كه هاوسه‌ری كه‌سایه‌تییه‌كی نزیك له رژێم بوو، له پشت هاندانی كه‌لتوری سوكایه‌تیكردن بوو به هاوڵاتیانی ناو كۆشك. به جۆرێك له تۆمارێكی ده‌نگی دزه‌پێكراودا، به‌شار و لۆنا، گاڵته به‌و سه‌ربازانه ده‌كه‌ن كه له گه‌ڕه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی دیمه‌شق، سڵاویان لێ ده‌كه‌ن و به‌شار به توانجه‌وه، باس له هاوڵاتیانی سه‌ر شه‌قامه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئه‌وان پاره بۆ مزگه‌وته‌كان خه‌رج ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شی خۆیان خواردنیان نییه".
له ده‌ره‌وه‌ی كۆشك، به ملیۆنان خه‌ڵكی سوریا، له‌سه‌ر لێواری برسییه‌تی بوون، كه‌چی وڵات به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ببوو به "ده‌وڵه‌تی مادده‌ی هۆشبه‌ر" كه ماهر ئه‌سه‌د له رێگه‌ی تۆڕێكه‌وه، سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد و سه‌رقاڵی دروستكردن و به قاچاخبردنی بڕێكی زۆری حه‌بی "كبتاگۆن" بوو بۆ وڵاتانی كه‌ندا و ئه‌رده‌ن، به‌مه‌ش خێزانی ئه‌سه‌د مه‌لاین دۆلاری ده‌ستده‌كه‌وت.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی گۆڤاری ئه‌تڵانتیك و به پێی ئه‌و قسانه‌ی كه له راوێژكار و دیپلۆماتكارانی پێشووه‌وه وه‌ریگرتووه، هێزه گه‌وره‌كانی ناوچه‌كه، په‌رۆشی روخاندنی ئه‌سه‌د نه‌بوون، بگره هه‌ندێك له پایته‌خته‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو، پێشنیاری "شاده‌ماری رزگاركردن"ی سیاسی و ئابوریان خستبووه به‌رده‌ست، به یه‌ك مه‌رجی روون، دوورخستنه‌وه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵاتی ئێران و كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌نییه‌كانی به به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌وه.
ئیمارات، وه‌ك له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ساڵی 2018 باڵیۆزخانه‌كه‌ی خۆی له دیمه‌شق كرده‌وه و ئاماده‌بوو له چوارچێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، سه‌ركردایه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی سوریا بۆ ئه‌و چوارچێوه‌یه بكات. به‌ڵام داوای سه‌ره‌كی ئیمارات، كه‌مكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی سوریا بوو له‌گه‌ڵ تاران. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، په‌یامی ئێرانییه‌كان روونتر بوو، ئه‌وان به‌ڵێنیاندا له پێناو مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات "هه‌مو شتێك" ئه‌نجامدده‌ده‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی ئێران به‌رده‌وام بێت له به‌كارهێنانی خاكی سوریا، وه‌ك راڕه‌وێك بۆ بردن و گه‌یاندنی پاره و چه‌ك بۆ حزبوڵڵا.
ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا كه سزای تووندی به‌سه‌ر دیمه‌شقدا سه‌پانبدوو، زیاد له كه‌ناڵێكی بۆ دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ كردبوه‌وه. له‌وانه دۆسێی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی ئۆستن تایش كه له ساڵی 2012وه، له‌سوریا دیارنه‌مابوو. له‌م باره‌یه‌وه ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌رده‌می حوكمڕانی یه‌كه‌می دۆناڵد تره‌مپ، ئاماده‌بوو "سه‌فقه‌یه‌كی زێڕین" له‌گه‌ڵ سوریا ئه‌نجامبدات، له‌وانه سوككردنی سزاكان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای په‌یوه‌ندی سیاسی، له به‌رامبه‌ردا سوریا هاریكارییه‌كی راسته‌قینه ده‌رباره‌ی چاره‌نووسی رۆژنامه‌نووسه ئه‌مریكییه‌كه بخاته‌ڕوو. به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌سه‌د یه‌كلایكه‌ره‌وه بوو: "نه رێكه‌وتن و نه دانوستانی زیاتر له ئارادا نییه". هۆكاری ئه‌وه‌ش كۆنه قینێكی به‌شار بوو له سه‌رۆكی ئه‌مریكا كه به‌شار ئه‌سه‌دی به "حه‌یوان" وه‌سف كردبوو.
هه‌مو ئه‌و ده‌رفه‌تانه و كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌تی تر له هێزه ناوچه‌ییه‌كانی دیكه‌وه، بۆ كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ، به‌ر عینادی و كه‌له‌ڕه‌قی ئه‌سه‌د كه‌وتن. له‌م باره‌یه‌وه، راپۆرته‌كه وته‌ی كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری سوریا ده‌گوێزێته‌وه و ده‌ڵێت ئه‌سه‌د به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، وه‌ك كه‌سێك وابوو كه له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: "روسه‌كان پێویستیان به منه، ئێرانییه‌كان جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه‌یان ده‌ست ناكه‌وێت، من پاشام".
به‌ره‌ی مقاوه‌مه كه‌لێنی تێده‌كه‌وێت و لۆنا ئه‌لشبل باجه‌كه‌ی ده‌دات
ساڵی 2023، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل، له 7ی تشرینی یه‌كه‌م، سه‌ره‌تای هێرشه‌كه، به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی راپۆرته‌كه باسی ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه بوو پێشبینییه‌كانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا هاتبێته‌دی و به‌ره‌ی مقاوه‌مه له سه‌ركه‌وتن نزیكده‌بێته‌وه.
به‌ڵام وه‌ڵامی تووندی ئیسرائیل، به وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی كه لوبنان و سوریاشی گرته‌وه و به كوشتنی خودی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا كۆتایی پێهات، هه‌مو ئه‌وه له كاتێكدا بوو، سوریا بێده‌نگ مایه‌وه، ئه‌مه وایكرد هاوپه‌یمانه‌كانی له تاران گومان بكه‌ن له‌وه‌ی دیمه‌شق له‌وانه‌یه رۆڵی هه‌بووبێت له گواستنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ستیار.
له گه‌رمه‌ی ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌دا، تاده‌هات گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ناو بازنه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری به‌شار زیاتر دبوو، له ته‌موزی 2024 لۆنا ئه‌لشبل به مردوویی له‌ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی له‌سه‌ر رێگاییه‌كی ده‌ره‌كی دیمه‌شق دۆزرایه‌وه. میدیاكانی سه‌ر به رژێم، رووداوه‌كه‌یان به رووداوی هاتوچۆ وه‌سفكرد. ئه‌گه‌رچی زانیارییه پچڕپچڕه‌كان، باس له‌وه ده‌كه‌ن زیانێكی زۆر سوك به‌ر ئۆتۆمۆبیله‌كه كه‌وتووه، له به‌رامبه‌ردا سه‌ری لۆنا زۆر به تووندی بریندار ببوو. دواتر ده‌نگۆكان زۆر به‌خێرایی بڵاوبوونه‌وه و كوشتنی ئه‌و راوێژكاره‌یان به‌سته‌وه به بڕیاری ئێرانه‌وه، وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له پای ئه‌وه‌ی لۆنا، دزه‌ی به زانیاری گرنگ كردووه.
به‌ڵام راپۆرته‌كه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی پێشووی ئیسرائیل و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له رژێم، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كوشتنی لۆنا به بڕیاری خودی به‌شار ئه‌سه‌د بووه. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی لۆنا ئه‌لشبل، به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی، ببوو به "سیخوڕی روسیا" و ورده‌كاریی چالاكییه‌كانی ئێرانی له ناوه‌وه‌ی سوریا، بۆ روسیا گواستووه‌ته‌وه.
له مۆسكۆوه بۆ فڕۆكه روسییه‌كه ورده‌كاری دوا كاتژمێره‌كان
كۆتا به‌شی دیمه‌نه‌كه، وه‌ك ئه‌وه‌ی راپۆرته‌كه ده‌یگڕێته‌وه، له مانگی تشرینی دووه‌می 2024وه، ده‌ست پێده‌كات، له‌و كاته‌دا گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به سه‌ركردایه‌تی ئه‌حمه‌د شه‌رع كه پێشتر به ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانی ناسرابوو، گڵۆپی سه‌وزی توركیای بۆ هه‌ڵكرا، تاكو ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی فراوان ئه‌نجامبدات. ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا، به پێناخۆشبوونه‌وه به ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه رازیبوو، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان، بۆ ماوه‌ی ساڵێكی ره‌به‌ق، شكستیهێنا له‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ ئه‌سه‌د ببینێت و باس له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی هه‌ردوولا بكه‌ن و رێگا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌لاین په‌نابه‌ری سوری له توركیا خۆشبكه‌ن. كه‌چی به‌شار وا هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو كارته‌كان له ده‌ستی ئه‌ودایه و پێش هه‌ر دانیشتن و یه‌كتربینین و دانوستانێك، مه‌رجی ئه‌وه بوو هێزه‌كانی توركیا بكشێنه‌وه.
كاتێك له كۆتاییه‌كانی مانگی كانوونی دووه‌می 2024، هێزه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ره‌و حه‌ڵه‌ب كه‌وتنه‌ڕێ، ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ كوڕكه‌ی له مۆسكۆ بوو، كوڕه‌كه‌ی خۆی بۆ گفتوگۆی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دكتۆرا ئاماده ده‌كرد، به‌شار چه‌ند رۆژێك له‌وێ مایه‌وه، به‌و هیوایه‌ی بتوانێت پوتین رازی بكات، به‌هانایه‌وه بێت و رژێمه‌كه‌ی بۆ رزگار بكات. به‌ڵام وه‌ڵامێكی تووندی له قه‌یسه‌ره‌وه وه‌رگرت، به‌وه‌ی روسیا له بری ئه‌و ناجه‌نگێت، تاقه بژارده له‌به‌رده‌ستیادا، ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره رێكه‌وێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، شاره‌كانی وه‌ك حه‌له‌ب و حه‌ما و حمس، یه‌ك له دوای یه‌ك، ده‌كه‌وتنه ده‌ستی ئۆپۆزسیۆن. له هه‌مان كاتدا فه‌رمانده ئێرانییه‌كان له سوریا، كه‌تبوونه كۆكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیان و سوریایان به‌جێده‌هێشت. ئه‌مه وایكرد هێڵه‌كانی به‌رگری سوپای سوریا، به‌خێرایی بكه‌ون و هه‌ره‌سبێنن و ترس و بیمێكی زۆر له ناو سه‌ربازه‌كانی سوریادا بڵاببێته‌وه.
به گوێره‌ی یه‌كێك له كه‌سه نزیكه‌كانی به‌شار، كه گۆڤاری ئه‌تڵانتیك، وه‌ك شاهێدحاڵێك، سه‌باره‌ت به كۆتا كاتژمێره‌كانی ئه‌و دۆخه قسه‌ی كردووه و وته‌كانی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت ئێواره‌ی حه‌وتی كانوونی یه‌كه‌م، به‌شار ئه‌سه‌د گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شوێنی مانه‌وه‌ی له گه‌ڕه‌كی ئه‌لمالكی و كه‌سه نزیكه‌كانی دڵنیاكردووه‌ته‌وه له‌وه‌ی "ئیمارات و سعودیه، رێگه‌ناده‌ن دیمه‌شق بكه‌وێت"، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی هه‌واڵی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن و نزیكبوونه‌وه‌یان له پایته‌خت بڵاوببێته‌وه. پاشان له‌گه‌ڵ هاتنی نیوه شه‌و، دۆخ و هه‌ست و نه‌ستی ناو كۆشك، جۆرێك له شڵه‌ژانی پێوه دیار بوو، ئه‌وان له نێوان ره‌تكردنه‌وه‌ی واقیع و به‌ڵێنی درۆینه به‌وه‌ی "هێزی زیاده" ده‌وروبه‌ری شاره‌كه ده‌گرێت، تیامابوون.
له كاتژمێر نزیك دووی به‌ره‌به‌یان، ئه‌سه‌د فرمانیدا ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگری بچووك بهێنن، تاكو كه‌لوپه‌له‌كانی بگوازێته‌وه و خۆی و كوڕه‌كه‌ی و چه‌ند كه‌سێك له یاریده‌ده‌ره‌كانی، له ده‌رگای دواوه‌ی كۆشك چوونه ده‌ره‌وه و به‌وانه‌ی مابوونه‌وه ده‌ڵێت"جێگای ئێوه نابێته‌وه". شۆفێره كۆنه‌كه‌ی سه‌رۆك كه له به‌رده‌م ده‌رگاكه‌دا به روخسارێكی غه‌مباره‌وه راوه‌ستابوو، لێی ده‌پرسێت: "ئایا به راستی به‌جێمانده‌هێڵێت؟". به‌شار ئه‌سه‌د به پرسیارێكی پێچه‌وانه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: "ئه‌ی ئیشی ئێوه چییه؟ شه‌ڕ ناكه‌ن؟" ئیدی ده‌ڕوات بۆ لای كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری روسی كه چاوه‌ڕێیان ده‌كرد بیگوێزنه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
هه‌مو شتێك ده‌رباره‌ی به‌شار بوو
پوخته‌ی راپۆرتی گۆڤاره ئه‌مریكییه‌كه، ئه‌وه‌یه كه‌وتنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌و رژێمه‌ی پێش چه‌ندین ده‌یه له‌لایه‌ن حافز ئه‌سه‌ده‌وه دروستكرابوو، ته‌نها ده‌رئه‌نجامی حه‌تمی ململانێی میحوه‌ره‌كان نه‌بوو. به‌ڵكو به‌هۆی جێنشینێكی لاواز و سه‌رسه‌خته‌وه بوو، له ناو بڵقی یارییه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی نێو مۆبایل و په‌یوه‌ندی راگوزه‌ر و سه‌روه‌رت و سامانی ناڕه‌وادا ده‌ژیا.
AM:10:24:08/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 452
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت