گرتەیەکی ڤیدیۆیی ترەمپ کە ئۆباما و هاوسەرەکەی وەک مەیموون نیشان دەدات هەرای نایەوە
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و میشێلی هاوسەری وەک مەیموون وێنا كردووە شەپۆلێکی توڕەیی لە ئەمریکا سەریهەڵدا.
ترەمپ ڤیدیۆیەکی یەک خولەکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال بڵاوکردەوە و تێیدا ڕوخساری ئۆباما و هاوسەرەکەی لەسەر دوو مەیموون بۆ ماوەی نزیکەی چرکەیەک نیشان دەدات.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ترەمپ ئیدیعاكانی دووپاتدەکاتەوە سەبارەت بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020، کە بەرامبەر جۆ بایدن دۆڕاندی.
نووسینگەی گافین نیوسۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا، کاندیدی ئەگەری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2028 و ڕەخنەگرێکی دیار لە ترەمپ، بە توندی ئیدانەی ئەو بڵاوکراوەی ترەمپ-ی كرد.
وتیشی، ڕەفتارێكی قێزەوەنە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە و پێویستە هەر ئێستا هەموو كۆمارییەكان ئەم كارە ئیدانە بكەن.
لەلایەن خۆیەوە بن ڕۆدس، گەورە ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی و نزیك لە ئۆباما، ئیدانەی بڵاوكردنەوەی ئەم وێنانەی كرد.
لە ئێکس نووسیویەتی: با ئەمە بۆ ترەمپ و شوێنکەوتە ڕەگەزپەرستەکانی بە ئازار بێت، کە لە داهاتوودا ئەمریکییەکان ئاوڕێک لە بنەماڵەی ئۆباما دەدەنەوە وەک کەسایەتییە خۆشەویستەکان، لە کاتێکدا ئەوان بە ئابڕووچونێك لەسەر مێژووی ئێمە لێی دەڕوانن.
ترەمپ ساڵی ڕابردووش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە کە تیایدا ئۆباما لە نووسینگەی كۆشكی سپی دەردەکەوێت و لە زینداندا ڕاگیراوە و جلێکی پرتەقاڵیی پۆشیوە.
PM:01:43:06/02/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت