چالاكوانان: ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران 5 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه
وێستگه‌نیوز -
چالاكوانان باس له‌وه ده‌كه‌ن، ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه كه سه‌رانسه‌ری ئێرانی گرته‌وه، 5 هه‌زار كوژراوی تێپه‌ڕاندووه.
ئه‌مه له كاتێكدایه، حكومه‌تی ئێران له راگه‌یاندنی یه‌كه‌م ئاماری فه‌رمی بۆ ژماره‌ی كوژراوه‌كان، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه ژماره‌كه تۆزێك له‌سه‌رو 3 هه‌زار كوژراوهوهیه.
چالاكوانانی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ "HRANA" كه باره‌گاكه‌ی له ئه‌مریكایه، ئه‌م ئاماره‌ی خستووه‌ته‌ڕوو و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ژماره‌ی كوژراوه‌كان 5 هه‌زار كوژراوی تێپه‌ڕاندووه.
لای خۆیه‌وه، حكومه‌تی ئێران، رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو، 21ی كانوونی دووه‌می 2026، یه‌كه‌م ئاماری فه‌رمی كوژراوه‌كانی راگه‌یاند و ده‌ڵێت 3 هه‌زار و 117 كه‌س كوژراون.
له‌م باره‌یه‌وه ده‌زگای "شه‌هید" له ئێران، باس له‌وه ده‌كات له كۆی 3 هه‌زار و 117 كه‌س كه له میانه‌ی خۆپیشاندانه‌كاندا كوژراون، 2 هه‌زار و 427 كوژراویان هاوڵاتی مه‌ده‌نی و هێزه ئه‌منییه‌كان بوون.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ماڵپه‌ڕی "ئێران به عه‌ره‌بی" رایگه‌یاند به گوێره‌ی ئامارێكی فه‌رمی، له میانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه "زیاد له 690 تیرۆریستی گێره‌شێوێن كه په‌یوه‌ستبوون به ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ه‌وه، كوژراون".
له‌م باره‌یه‌وه، وه‌زاره‌تی ئه‌منی ئێرانی ده‌ڵێت: "له ئه‌نجامی ئه‌و راپۆرتانه‌ی له لایه‌ن هاوڵاتییانه‌وه، پێشكه‌ش كراون، تا ئێستا له تارانی پایته‌خت 300 كه‌سمان ده‌ستگیر كردووه، زۆربه‌یان سه‌ركرده‌ی ئه‌و كاره تیرۆریستیانه بوون كه پایته‌خت له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، به‌خۆیه‌وه بینی بوو".
PM:03:04:23/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 180
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت