فەرماندەی سێنتکۆم و ئەحمەد شەرع جەختیان لە پابەندبوونی بەردەوام کردووەتەوە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان فەرماندەی هێزەکانیان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریای بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانونی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا ئەنجامداوە، لە پەیوەندییەکەدا فەرماندەی سێنتکۆم بە روونی بە سەرۆکی سوریای راگەیاندووە کە گرنگە هێزەکانی حکومەتی سوریا پابەندی ئەو ئاگربەستە بن کە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوە.

سێنتکۆم پلانێکی خستووەتە بەردەم سەرۆکی سوریا بۆ گواستنەوەی نزیکەی 7 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق. پرۆسەکە بە هەماهەنگی دەبێت و بە شێوەیەکی رێکخراو و ئەمنی بەڕێوەدەچێت.

هەروەها کوپەر هۆشداری داوەتە هێزەکانی سوریا و سەرجەم هێزەکانی دیکە کە نابێت هیچ جۆرە دەستوەردانێک بکەن یان کارێک ئەنجام بدەن کە ببێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو زیندانیانە.

لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونی بەردەوام کردووەتەوە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش، بەو پێیەی رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش هۆکارێکە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەمەریکا، ناوچەکە و جیهان.


PM:11:39:21/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو