وردەكاری كۆبوونەوەكەی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشكرا كرا و پێنج كاتژمێری خایاندووە


وێستگەنیوز-

سەرچاوە ئاگادارەکانی سوریا دووپاتیان كردەوە، ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ‌ دووشەممە لە دیمەشق لە نێوان حکومەتی سوریا و تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا و شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەڕێوەچوو، شکستخواردوو بووە.

ئاشكراشیان كردووە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پاشەکشەی کردووە لەو رێککەوتنەی رۆژی یەکشەممە واژۆی كردبوو کە پێداگری لەسەر یەکگرتوویی خاکی سوریا دەكاتەوە.

سەرچاوەكان بە ئاژانسی ئەڵمانیایان راگەیاندووە، "کۆبوونەوەکە ماوەی 5 کاتژمێری خایاندووە و بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و مورهیف ئەبو قسرە وەزیری بەرگریی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و حوسێن سەلامە بەڕێوەبەری هەواڵگری سوریا و شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی تۆم باراک و شاندی هەسەدە بە سەرۆکایەتی عەبدی بەڕێوەچووە".

ئاماژەیان بەوەشکرد، "عەبدی پاشەکشەی لە رێککەوتنەکە کرد و پۆستەکانی بریکاری وەزیری بەرگری یان کاندیدکردنی ناوێک بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکەی رەتکردووتەوە و پاشەكشەی كردووە لەو رێککەوتنەی کە رۆژی یەکشەممە بەسەرپەرشتی و چاودێری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆی کردبوو".

ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردەوە، "ئەحمەد شەرع داواکارییەکەی مەزڵوم عەبدی رەتکردەوە کە پارێزگای حەسەکە لە ژێر ئیدارەی هەسەدە بمێنێتەوە، تاوەكو دان بەرێكەوتنەكەدا بنێت، هەروەها داوای ماوەی 5 رۆژەی کردووە بۆ راوێژکردن لەگەڵ سەرکردایەتی هەسەدە، بەڵام ئەحمەد شەرع داواكەی رەتكردووەتەوە و داوایكردووە وەڵامی کۆتایی لەهەمان رۆژ پێبدات بەپێچەوانەوە لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار دەکرێنەوە، کە مەزڵوم عەبدی لە رێککەوتنەکە کشاوەتەوە و دەوڵەتی سوریا بە زەبری هێز پرسی حەسەکە یەكلایی دەكاتەوە".


AM:10:22:20/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو