ئه‌مریكا به‌م بڕه پاره‌یه زه‌وی و زارێكی زۆر و فراوانی له مه‌كسیك كڕی
وێستگه‌نیوز -
چیرۆكه مێژووییه‌كان
(چیرۆكی پێنجه‌م)
ساڵی 1803، ئه‌مریكا رێكه‌وتنێكی مێژوویی له‌گه‌ڵ ناپلیۆن بۆ ناپارت ئه‌نجامدا، ئه‌مریكا له‌و رێكه‌وتنه‌دا، له به‌رامبه‌ر 15 ملیۆن دۆلار، ته‌واوی خاكی لویزیانای فه‌ره‌نسای كڕی كه رووبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 140 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگهشه ده‌بوو، واته هه‌ر یه‌ك كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی به 7 دۆلار كڕیوه.
ساڵی 1918، ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئیسپانی، رێكه‌وتنی ئه‌دمز ئۆنیس (Adams–Onís Treaty) ئه‌نجامدا، به گوێره‌ی ئه‌م رێكه‌وتنه ئه‌مریكا بووه خاوه‌نی فلۆریدا.
پاشان ئه‌مریكا له‌سه‌ر حسابی مه‌كسیك، به‌ره‌و خۆرئاوا ده‌ستی به فراوانكردن كرد. له‌مه‌شدا دۆخی ناسه‌قامگیری مه‌كسیك و كه‌مبوونه‌وه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كانی سوپای مه‌كسیكی قۆسته‌وه. ئه‌مریكییه‌كان به ئومێدی ئه‌وه‌ی بگه‌نه زه‌ریای هێمن و كۆنترۆڵی ئه‌و زه‌وییه نوێیانه بكه‌ن كه ده‌وترا زۆر گونجاوه بۆ مه‌به‌ستی كشتوكاڵ و ئابوری، هه‌وڵیدا به‌شێكی زۆر له خاكی مه‌كسیك داگیر بكات.
په‌یماننامه‌ی گوادهلوپ هیدالگۆ
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا ساڵی 1845، توانی ته‌كساس بخاته سه‌ر موڵكه‌كانی خۆی. باكوری كیشوه‌ری ئه‌مریكا، له مانگی نیسانی 1846، جه‌نگی نێوان ئه‌مریكا مه‌كسیكی به‌خۆیه‌وه بینی. له‌م جه‌نگه‌دا كه تا نزیكه‌ی مانگی شوباتی ساڵی 1948 به‌رده‌وام بوو، باڵاده‌ستی سه‌ربازی ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت و ئه‌مركییه‌كان توانییان سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ستبێنن و كۆنترۆڵی باكووری مه‌كسیك بكه‌ن، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه مه‌كسیكۆی پایته‌خت.
له به‌رده‌م ئه‌م بارودۆخه‌دا، مه‌كسیك به په‌یماننامه‌ی گوادهلوپ هیدالگۆ (Guadalupe Hidalgo) رازیبوو، مه‌كسیك به گوێره‌ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه، له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕی نزیكه‌ی 15 ملیۆن دۆلار، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له خاكه‌كه‌ی ده‌بێت كه رووبه‌ره‌كه‌ی 2،3 ملیۆن كیلۆمه‌تری چوارگۆشه بوو. به‌مه‌ش مه‌كسیك زیاد له نیوه‌ی خاكه‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا له‌ده‌ستدا.
له ئێستادا، هه‌ر یه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی كالیفۆرنیا، نیڤادا، نیومه‌كسیكۆ، ئه‌ریزۆنا، یوتا، ته‌كساس و به‌شێك له ویلایه‌ته‌كانی كۆلدۆرادۆ، ئۆكلاهۆما، كنساس، وایۆمنگ، ده‌كه‌ونه ناو ئه‌و خاكه‌ی كه مه‌كسیك ساڵی 1848 ده‌ستبه‌رداری بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، خواست و تموحهكانی ئه‌مریكا، ته‌نها به‌و زه‌ویانه‌ی مه‌كسیكه‌وه نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو له كاتی فه‌رمانڕه‌وایی سه‌رۆك فرانكلین پێرس (Franklin Pierce)، واشنتۆن جارێكی دی له‌سه‌ر حسابی مه‌كسیك، ده‌ستی كرده‌وه به پاوانخوازی زیاتر. وه‌لێ ئه‌مجاره‌یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ جه‌نگ ببات، پێیان باشبوو رێكه‌وتنی كڕینی زه‌وی له‌گه‌ڵ مه‌كسیكییه‌كان ئه‌نجامبده‌ن.
له میانه‌ی راوێژكردن و پرس و ڕا گۆڕینه‌وه، به‌رپرسانی ئه‌مریكا باسیان له گرنگی به‌ده‌ستهێنانی زه‌وی زیاتر له باشور ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له پێناو دروستكردنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، هێڵێك له باكوری ئه‌مریكاوه تا باشوری ئه‌مریكا درێژ ببێته‌وه. هه‌روه‌ها له هه‌مان كاتدا، چه‌ندین شاره‌زای ئه‌مریكی، جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه، بۆ گه‌شه و بوژانه‌وه‌ی كشتوكاڵ و دابینكردنی زه‌وی نوێ بۆ جوتیار و وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان، پێویسته كۆنترۆڵی خاكی زیاتری مه‌كسیك بكرێت.
له‌م باره‌یه‌وه، ساڵی 1853 وه‌ك سه‌ره‌تا، ئیداره‌ی فراكلین پێرس له‌گه‌ڵ مه‌كسیكییه‌كان، ده‌ستیان كرد به گفتوگۆ ده‌رباره‌ی بیرۆكه‌ی كڕینی به‌شێكی گه‌وره له خاكی مه‌كسیك كه هه‌ر یه‌ك له ویلایه‌ته‌كانی كواویلا (Coahuila)، چیواوا (Chihuahua)، سۆنۆرا (Sonora)، نویڤۆ لیۆن (Nuevo León)، تاماولیپاس (Tamaulipas) ده‌گرێته‌وه.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا و له كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و گفتوگۆیانه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌و رۆژگاره‌ی مه‌كسیك ئه‌نتۆنیۆ لۆپێز دی سانتا ئانا (Antonio López de Santa Anna) له به‌رامبه‌ر بیرۆكه‌ی ده‌ستبه‌رداربوون له‌و زه‌ویانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا، هیچ ناڕه‌زایه‌تییه‌كی ده‌رنه‌بڕی.
ناڕه‌زایی له هه‌ردوو وڵات
دواتر، ئه‌م رێكه‌وتن و پلانه سه‌ره‌تاییه، له هه‌ردوو وڵات، به تووندی ره‌تكرایه‌وه. له مه‌كسیك تووڕه‌یی خه‌ڵك دژ به سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌نتۆنیۆ لۆپێز دی سانتا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له دوای جه‌نگی مه‌كسیك ئه‌مریكاوه، ده‌ستبه‌رداری به‌شێكی زۆری خاكی وڵاته‌كه‌ی ببوو، رووبه‌ڕووی دژایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی تووند ببوه‌وه.
له هه‌مان كاتدا له ئه‌مریكاش، ئه‌ندامانی كۆنگرێس كه سه‌ر به ویلایه‌ته‌كانی باكور بوون، دژی بیرۆكه‌ی لكاندنی خاكی زیاتری مه‌كسیك بوون به ئه‌مریكاوه. چونكه ترسیان هه‌بوو له‌وه‌ی ئه‌و ویلایه‌ته نوێیانه، پشتگیری كۆیلایه‌تی بكه‌ن و كورسی زیاتر له هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیران به‌ده‌ستبێنن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات لایه‌نگرانی كۆیلایه‌تی له كۆنگرێس ببن به زۆرینه.
رێكه‌وتنی گادسین
سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی مه‌كسیك ئه‌نتوان لۆپێز دی سانتا ، ئه‌ركی ئه‌م رێكه‌وتنه‌ی سپارد به جێمس گادسین (James Gadsden) كه باڵیۆزی ئه‌مریكا بوو له مه‌كسیك.
لێره‌وه دوای ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵێك چاوپێكه‌وتن و كۆبوونه‌وه و پرس و ڕا گۆڕینه‌وه، هه‌ردوولا گه‌شتنه ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی پێیده‌وترێت په‌یماننامه‌ی میسیلا (Mesilla) یان رێكه‌وتنی گادسین.
ئه‌م رێكه‌وتنه له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1854 چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه، ئه‌مریكا له به‌رامبه‌ر پێدانی بڕی 10 ملیۆن دۆلار به مه‌كسیك، نزیكه‌ی 78 هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه له خاكی مه‌كسیك به‌ده‌ستده‌هێنێت. دواتر ئه‌و خاكه نوێیه خرایه سه‌ر باشوری ئه‌ریزۆنا و باشوری خۆرئاوای نیومه‌كسیكۆ.
هه‌رچه‌نده ئه‌م رێكه‌وتنه سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، وه‌لێ له لایه‌نی ئه‌مریكییه‌وه پهرچهكراری جیاوازی لێكهوتهوه، به‌ڵام له لایه‌نی مه‌كسیكه‌وه به ته‌واوه‌تی و زۆر به تووندی ره‌تكرایه‌وه. هه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه بوو، دواتر رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له رووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌نتۆنیۆ لۆپێز سانتا ئانا.
PM:08:21:13/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 280
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت