تۆم باراک: دۆناڵد ترەمپ جەختدەکاتەوە لەوەی کە دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکان لە سوریا بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
وێستگەنیوز-
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا، لەبری دۆناڵد ترەمپ چووەتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەتەوە، باراک رایدەگەیێنێت، ترەمپ ئەم ساتەوەختە بە دەرفەتێک بۆ "سوریایەکی نوێ" دەزانێت.
تۆم باراک لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی سەردانەکەی بۆ دیمەشق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەسەر ناوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە کۆبوومەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی حەلەب و نەخشەڕێگەی داهاتوو".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا پەیامەکەی ترەمپی گەیاندووە و دەڵێت، "سەرۆک ترەمپ ئەم ساتەوەختە وەک دەرفەتێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت بۆ نیشتمانێکی یەکگرتوو کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان، لەوانە عەرەب، کورد، درووز، کریستیان، عەلەوی، تورکمان، ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکە، بە رێز و شکۆوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافی بەشداریی راستەقینەیان لە حوکمڕانیدا هەبێت".
وەک ئاماژەیەک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم قۆناغە، ترەمپ رەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەربڕیوە بەمەبەستی "دانی دەرفەتێک بە سوریا" بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
تۆم باراک نیگەرانیی قووڵی ئەمریکای بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی حەلەب دەربڕی و وتی، "ئەو پێشهاتانە وا دەردەکەوێت گەنگەشەی مەرجەکانی رێککەوتنامەی ئاداری 2025 بکەن، کە جێگەی نیگەرانییە، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆداگرتنی تەواو بنوێنن و دەستبەجێ کۆتایی بە دوژمنایەتییەکان بهێنن".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئامادەیی تیمی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پیشاندا بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆی بنیاتنەر لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە، بە ئامانجی پێشخستنی پرۆسەیەکی یەکگرتنی گشتگیر کە تێیدا "تاکە سوپایەکی نیشتمانیی شەرعی" هەبێت و مافەکانی کورد بپارێزرێت.
هەروەها باراک ئاماژەی بە رۆڵی هەسەدە لە تێکشکاندنی داعش کرد و رایگەیاند، "قوربانییەکانیان رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی بەردەوام دژی تیرۆر".
حکومەتی سووریاش لەو کۆبوونەوەیەدا پابەندیی خۆی بە رێککەوتنامەی یەکگرتنی ئاداری 2025 لەگەڵ هەسەدە دووپاتکردووەتەوە.
PM:07:17:10/01/2026
ئهم بابهته 680
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت