دێڵسی رۆدریگێز کرایە سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا


وێستگەنیوز-

فەرمانگەی دەستووری لە دادگای باڵای ڤەنزوێلا بڕیاریدا دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ، ئەرکی سەرۆکایەتیی وڵات بە وەکالەت بگرێتە ئەستۆ.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، فەرمانگەی دەستووری لە دادگای باڵای ڤەنزوێلا دوێنێ شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، بڕیاریداوە دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆک نیکۆلاس مادورۆ، ئەرکی سەرۆکایەتیی وڵات بە وەکالەت بگرێتە ئەستۆ، دوای ئەوەی بەرەبەیانی هەمان ڕۆژ، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا دەستگیرکرا.

لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ڤەنزویلادا هاتووە، دێڵسی رۆدریگیز پۆستی سەرۆکی کۆماری ڤەنزوێلای بۆلیڤاری وەردەگرێت، بە مەبەستی راپەڕاندنی کاروباری دەوڵەت و پاراستنی نەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تاوتوێی رێکارەکان دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو چوارچێوە یاساییەی کە پێویستە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی بەردەوامیدان بە بەڕێوەبردنی وڵات و حکومەت و پاراستنی سەروەری ڤەنزوێلا دوای نەمانی سەرۆک کۆمارەکەی بە زۆرەملێ و دەستگیرکردنی.

دێڵسی رۆدریگێزی، تەمەن 56 ساڵ، خەڵکی کاراکاس و دەرچووی بەشی یاسایە، زیاتر لە 20 ساڵە وەک یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی بزووتنەوەی "چاڤیزم" و بە هاوپەیمانێکی نزیکی نیکۆلاس مادۆرۆ دەناسرێت.

دوێنێ شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، نیكۆلاس مادۆرۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكاوە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەستگیركرا و بەفڕۆكە گواسترانەوە بۆ ناو خاكی ئەمریكا، لەوبارەیەوە پام بۆندی، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "سەرۆکی ڤەنزوێلا نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی سیلیا فلۆریس لە ناوچەی باشووری نیویۆرک بە تۆمەتی پیلانگێڕی تیرۆریستی و مادە هۆشبەرەکان و هاوردەکردنی کۆکاین و تاوانی چەک تۆمەتبار کراون".

بۆندی ئاماژەی بەوەکرد، "بەمزووانە ئەو دوو هاوسەرە لە دادگاکانی ئەمریکا دادگایی دەکرێن".


AM:09:45:04/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت