عەلی خامنەیی: ئێمە لە بەرامبەر دوژمندا پاشەکشە ناکەین و دوژمن دەخەینە سەر ئەژنۆ
وێستگەنیوز-
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەڵێت، "بەشێک لە خۆپیشاندەران بە کرێگیراوی دوژمنن".
ئەمڕۆ شەممە 3ی کانونی دووەمی 2026، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کەسوکاری کوژراوانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و ئیسرائیل لەبارەی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی رایگەیاند، ''ئێمە بازاڕ باش دەناسین، بەناوی بازاڕ و کاسبکارانەوە ناتوانرێت رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و سیستمی ئیسلامی ببنەوە".
ئاماژەی بەوەکرد، "خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە شارەکانی ئێران هەیە و ئەو گردبوونەوانە زۆربەیان لەلایەن کاسبکارانەوە بوون، قسەکانیان قسەیەکی راست بوو، من دەزانم کە سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکەی باڵای وڵات، لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەدان".
خامنەیی بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک وتی، ''هەڵبەت کێشەکە دەستی دوژمنیشی تێدایە، بەرزبوونەوەی بەهای دراوی بیانی و ناجێگیرییەکەی سروشتی نییە، ئەمە کاری دوژمنە".
وتیشی، "پێویستە بە رێکاری جۆراوجۆر رێگری لە ناجێگریی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن بکرێت".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەدا، ''کۆمەڵێک کەسی هاندراوی بەکرێگیراوی دوژمن لە پشتی بازاڕییەکانەوە دژی ئیسلام، ئێران و کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە، ناڕەزایی جیاوازە لە ئاژاوەگێڕی".
خامنەیی جەختی لەوەشکردەوە، "قسە لەگەڵ کاسبکارانی ناڕازی دەکرێت و دەبێت بەرپرسان لەگەڵ ناڕازییان قسە بکەن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕ سوودی نییە، دەبێت بە تووندی رووبەڕووی ئاژاوەگێڕان ببینەوە".
راشیگەیاند، ''دەبێت کاری دوژمن بناسرێتەوە، چونکە بە ئارامی دانانیشێت و هەموو دەرفەتێک دەقۆزێتەوە. ئێمە لە بەرامبەر دوژمندا پاشەکشە ناکەین و دوژمن دەخەینە سەر ئەژنۆ".
قسەکانی رێبەری ئێران لەکاتێکدان، دوێنێ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا وتی، "ئەگەر ئێران بە شێوەیەکی تووندوتیژ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێت، ئێمە پڕچەکەین و ئامادەین بۆ جووڵە".
لە رۆژی 28ی کانونی یەکەمی 2025وە، مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکەی وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە کە لە هەندێک شار گرژی کەوتووەتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.
PM:04:21:03/01/2026
ئهم بابهته 552
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت