لە چەند شارێکی ئێران خۆپێشاندان فراوان بەڕێوەدەچێت


وێستگەنیوز-

لە چەند شارێكی ئێران خۆپێشاندان و مانگرتن بەڕێوەدەچێت و لە سێ شاری پارێزگاکانی ئیسفەهان و چوارمەحاڵ و بەختیاری، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی کانونی یەکەمی 2025، لە شارەکانی مەرڤدەشت و فولادشەهری پارێزگای ئیسفەهان، و هەروەها لە شاری لۆردگان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، خۆپێشاندان ئەنجام دراوە، هێزەئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە شاری لۆردگان دوو گەنجی 21 و 28 ساڵ و لە فولادشەهریش کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانیان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.

لە تارانیش دوای ئەوەی محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران رایگەیاند، "بە هاوکاری پۆلیس ناڕەزایەتیی کاسبکارانیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە جارێکی دیکە لە بازاڕی میوە و سەوزەی شاری تاران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو".

لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای تمەن لە تاران دەستیپێکرد و رۆژی سێشەممە و چوارشەممە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش روویدا.

حکومەتی ئێرانیش بەڵێنی داوە، ناڕەزاییەکە بە فەرمی دەناسێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات، هەروەها مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "ئێمە خۆمان بە فەرمانبەری گەلی ئێران دەزانین و هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت".


PM:08:41:01/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت