دوای ساڵێك له رووخانی رژێمه‌كه‌ی...
رۆژنامه‌یه‌ك چاره‌نووسی یاریده‌ده‌رانی ئه‌سه‌د ئاشكرا ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
دوای ساڵێك له رووخانی رژێمه‌كه‌ی و هه‌ڵاتنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و به‌شێك له هاوكاره‌كانی بۆ مۆسكۆ، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز"ی ئه‌مریكی ورده‌كاریی نوێی له‌باره‌ی چاره‌نووسی ده‌یان به‌رپرسی باڵا و یاریده‌ده‌ری به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی پێشووی سوریا ئاشكرا كردووه.
له لێكۆڵینه‌وه‌كانی رۆژنامه‌كه‌دا شوێنی ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رپرسانی باڵای حكومی و سه‌ربازی سوریا كه په‌یوه‌ندییان به رژێمی ئه‌سه‌ده‌وه هه‌یه، له‌وانه زانایانی په‌ره‌پێدانی چه‌كی كیمیاوی و سه‌رۆكی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئاشكرا كراوه و ورده‌كاریی نوێی له‌باره‌ی ژیان و چالاكییه‌كانیان دوای رووخانی رژێمه‌كه‌یان خسته‌ڕوو.
رۆژنامه‌كه رایگه‌یاندووه كه توانیویه‌تی چاره‌نووسی 55 سه‌ركرده‌ی رژێمی پێشوو ئاشكرابكات و بۆی ده‌ركه‌وتووه كه "زۆرێكیان له ماوه‌ی ساڵی یه‌كه‌می ده‌ربه‌ده‌ریدا له‌وپه‌ڕی ره‌فاهیه‌ت و ژیانی خۆشدا ده‌ژین و زۆربه‌یان له‌ده‌ست یاسا خۆیان قوتاركردووه".
به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان، به‌شار ئه‌سه‌د له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی و كه‌سه نزیكه‌كانی به‌ره‌و روسیا هه‌ڵات و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی گرانبه‌های سه‌ر به هۆتێلی فۆڕ سیزن له مۆسكۆ نیشته‌جێ بووه.
پێش گواستنه‌وه‌یان بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی تایبه‌ت له تاوه‌ری ئیتیحاد، ده‌سه‌ڵاتدارانی روسیا رێوشوێنی ئه‌منی و شوێنی نیشته‌جێبوونی ئارامیان بۆ دابین كردوون. دواتر گواستراونه‌ته‌وه بۆ ڤێلایه‌ك له گه‌ڕه‌كێكی گرانبه‌ها له رۆژئاوای مۆسكۆ.
لێكۆڵینه‌وه‌كه به پشتبه‌ستن به لێدوانی سه‌رچاوه نزیكه‌كانی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پێشووی سوریا، باسی له‌وه‌كردووه كه به‌رپرسان له‌وانه ماهیر ئه‌سه‌د، فه‌رمانده‌ی پێشووی فیرقه‌ی چوار و عه‌لی مه‌ملوك، به‌رپرسی پێشووی ده‌زگای ئاسایش، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه له مۆسكۆ ده‌ژین.
به‌ڵام زۆرێك له یاریده‌ده‌ره‌كانی ئه‌سه‌د له‌سه‌ره‌تادا ئاسته‌نگیان بۆ دروست بووه. هه‌ندێكیان به‌رتیلیان به به‌رپرسان داوه بۆ ئه‌وه‌ی سواری فڕۆكه بارهه‌ڵگره قه‌ره‌باڵغه‌كان بن كه به‌ره‌و مۆسكۆ ده‌ڕۆیشتن، له‌وێشه‌وه گواسترانه‌وه بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌ربازی.
زانیارییه‌كان ده‌ریانخستووه كه چه‌ند ئه‌ندامێكی خێزانی ئه‌م یاریده‌ده‌رانه له ئه‌وروپا به‌ره‌فاهیه‌ت ده‌ژین و كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و وه‌به‌رهێنان له خانووبه‌ره‌دا ده‌كه‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێك له كاربه‌ده‌ستانی رژێم له ناوخۆی سوریا خۆیان شاردووه‌ته‌وه و و به هه‌ژاری ده‌ژین و ترسی ده‌ستگیركردنیان هه‌یه. به‌گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژنامه ئه‌مریكییه‌كه، به‌رپرسێكی پله باڵای رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی رژێمی نوێی سوریاوه ده‌ستگیر كراوه.
لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه سزای نێوده‌وڵه‌تییان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و هه‌ندێكیان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان ده‌رچووه، به‌ڵام توانیویانه خۆیان بشارنه‌وه و به به‌كارهێنانی پاسپۆرت و ناوی تر گه‌شت بكه‌ن.
نیویۆرك تایمز راشیگه‌یاندووه كه مۆسكۆ كۆتوبه‌ندی توندی به‌سه‌ر ئه‌و به‌رپرسانه‌ی پێشووی سوریادا سه‌پاندووه تا سۆشیال میدیا به‌كارنه‌هێنن و له شوێنه گشتییه‌كان ده‌رنه‌كه‌ون، هه‌روه‌ها جموجوڵی زۆرێك له به‌رپرسانی باڵای به ڕێوشوێنی توندی ئه‌منی سنووردار كردووه.
PM:09:26:23/12/2025
ئه‌م بابه‌ته 548
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت