میدیاکانی ئەمریکا: ناتانیاهۆ بەنیازە ترەمپ ئاگاداربکاتەوە لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوە سەر ئێران


وێستگەنیوز-

بەرپرسانی ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران خەریکی فراوانکردنی بەرنامە مووشەکییەکەیەتی و هەوڵی چاککردنەوەی سیستمە بەرگرییەکانی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان ئامادە دەکەن بژاردەی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.


ئەمڕۆ شەممە 20ی کانونی یەکەمی 2025، کەناڵی NBCی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بنیامین نتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی تاران خەریکی بنیاتنانەوەی ئەو بنکە ئەتۆمییانەیە کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کران، بەڵام لە ئێستادا ترسی سەرەکیی تەلئەڤیڤ بریتییە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاککردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکان.

بڕیارە لە 29ی ئەم مانگە، ناتانیاهۆ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکدا لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە ترەمپ تێبگەیەنێت کە فراوانبوونی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران پێویستی بە وەڵامی خێرا هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە نیازە چەند بژاردەیەک بخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمەریکا، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشداریکردنی ئەمەریکا لە هێرشێکی نوێدا یان پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، "لە هێرشەکانی پێشوودا توانای ئەتۆمیی ئێرانیان بە تەواوی لەناوبردووە"، بەڵام زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر رێگری لە ئێران نەکرێت، توانای بەرهەمهێنانی مووشەکە بالیستییەکانی دەگاتە 3000 مووشەک لە مانگێکدا، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.


PM:09:31:20/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو