ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و بازرگانی سوریا لەلایەن بەریتانیا سزادران
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە گومانی بەشداریکردنیان لە کردەی دڕندانە و توندوتیژی لە کاتی شەڕی ناوخۆی سوریا سزای بەسەر چوار سەرکردەی سەربازیی و دوو بازرگان و سێ گرووپدا سەپاند.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەو کەسانەی سزاکان دەیانگرێتەوە، بەشدارییان لە کردەوەی توندوتیژیدا کردووە لە ناوچە کەناراوەکانی سوریا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتووس".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "سزاکان کە بریتین لەبلۆککردنی سەروەت و سامانەکانیان، قەدەغەکردنی گەشت و ریگریی کردن لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی کارگێڕی، ئەوانیش هەریەک لە غەیاس دەلە، ئەفسەری پێشوو لە هێزەکانی رژێمی ئەسەد و میقداد فەتیحە، سەرکردەی پێشوو لە هێزەکانی ڕژێم دەگرێتەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، سزاکانی بەریتانیا هەریەک لە محەمەد جاسم (ئەبو عەمشە) فەرماندەی فیرقەی 25 لە سوپای ئێستای سوریا و فەرماندەی فیرقەی سوڵتان سولەیمان شا، لەگەڵ سەیفەدین بۆلاد فەرماندەی فیرقەی 76 و فیرقەی "حەمزات" دەگرێتەوە.
هەروەها سزاکانی بەریتانیا هەریەک لە مودەلەل خووری، بازرگانی سوری-ڕووسی کە حکومەتی بەریتانیا دەڵێت "یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی رژێمی ئەسەد" و عیماد خوری، بازرگانێکی تری سوری-ڕووسی کە یارمەتی دارایی رژێمی ئەسەدی داوە، دەگرێتەوە.
جگە لەمانەی سەرەوەش کە ناویان هاتووە، سزاکە هەر یەک لە گرووپەکانی "سولتان موراد"، "سولتان سولەیمان شا" و گرووپی "حەمزات"دا دەگرێتەوە.
PM:09:17:19/12/2025
ئهم بابهته 516
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت