پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان روویدا


وێستگەنیوز-

لە ئەنجامی پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکیش برینداربوون.


ئەمڕۆ شەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاژانسی هەواڵی 'فرانس 24' بڵاویکردەوە، "بەرپرسێکی خۆجێی ناوچەی سپین بۆڵدەکی ئەفغانستان، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو، لە ئەنجامی پێکدادان لە نێوان سوپای پاکستان و هێزەکانی تاڵیبان لەسەر سنووری هەردوو وڵات، چوار کەس کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون".

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و حکومەتی پاکستان رۆژی هەینی یەکتریان تۆمەتبار کرد بە دەستپێکردنی ئەم هێرشە ناڕەوایە، بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکەی نێوانیان لە قەڵەم دا کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، لە پلاتفۆرمی ئێکس، ڕایگەیاند "بەداخەوە، ئەم ئێوارەیە سوپای پاکستان بۆمبارانی ناوچەی سپین بۆڵدەک لە ویلایەتی قەندەهار کرد و هێزەکانی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان ناچار بوون بەرپەرچیان بدەنەوە".

لە لایەکی ترەوە، موشەرەف زەیدی، گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی پاکستان، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "ڕژێمی تاڵیبانی ئەفغانستان، لەسەر سنوور تەقەیان لە هێزەکانمان کردووە و هێزە چەکدارەکانمان دەستبەجێ بە تووندی بەرپەرچیان دایەوە".

بەپێی گوتەی دانیشتوانی ناوچەکە، پێکدادانەکان نزیکەی کاتژمێر 22:30 بە کاتی ئەفغانستان، دەستیان پێ کرد و نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند.


PM:12:50:06/12/2025


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت