سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی ئاشتی سەردانی ئەمەریکا دەکات


وێستگەنیوز-

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، رەنگە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆک ئۆکرانیا سەردانی ئەمەریکا بکات بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی واشنتۆن.


ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025، کیس کیلۆگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بە فۆکس نیوزی رایگەیاندووە، "پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی ئۆکرانیا پلانێکی باشە، بەڵام ئەو خاڵانە لەخۆدەگرێت، پێویستیان بە ڕێکخستن و روونکردنەوەی زیاترە، بۆیە ئەگەری زۆرە زێلێنسکی سەردانی ئەمەریکا بکات، بۆ ئەوەی سەیری پلانەکە بکەین".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەری هەیە لەگەڵ پلانی ئاشتی هەندێک گەرەنتی رەچاو بکرێت، وەک گەرەنتی ئەمنی".

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا وتی، "لەم دواییانەدا لەگەڵ جێرد کوشنەر زاوا و راوێژکاری سەرۆکی ئەمەریکا قسەم کردووە، چونکە ئەویش بەشدار بووە لە ئامادەکردنی پلانەکە".

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، هێڵی پەیوەندی نێوان هەردوو لایەنی ململانێکان لە ناوچەی خێرسۆن و زاپۆریژیا دەبەسترێتەوە، رووسیا هەندێک ناوچە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئۆکرانیا، سوپای ئۆکرانیاش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکرێتەوە و چەکی دوور مەودای لێدەسەندرێتەوە، جێگیرکردنی هێزی بیانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا قەدەغە دەکرێت، زمانی رووسیش فەرمی دەبێت لەو وڵاتەدا.

هەروەها دەزگا راگەیاندنەکانی رۆژئاوا، لەبارەی پلانەکەوە ئاماژە بەوەدەدەن، بەگوێرەی بەڵگە دزەپێکراوەکان، ئۆکرانیا دەستبەرداری نیمچە دورگەی کریمیا و دۆنباس و ناوچەکانی دیکە دەبێت بۆ رووسیا، لە بەرامبەردا کێڤ گەرەنتی ئەمنی ئەمەریکا و ئەوروپی وەردەگرێت، هەروەها پلانەکە بریتییە لە دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەک لەو شوێنانەی کە هێزەکانی ئۆکرانیا لێی دەکشێنەوە.


PM:02:47:23/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت