ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سزاکانی لەسەر ئەحمەد شەرع و وەزیری ناوخۆی سوریا لابرد


وێستگەنیوز-

ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان سزاکانی سەر ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا لابرد، كە وابڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە كۆشكی سپی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بكەوێت.


بڕیارەكە کە لە لایەن ئەمریکاوە داڕێژراوە دەڵێت، سزاكان لەسەر ئەنەس خەتاب وەزیری ناوخۆی سوریاش لابراوە و دەنگی بەڵێی 12 وڵاتی بەدەستهێناوە و چینیش دەنگی نەداوە.

مایک والتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لە بڕیارەكە کرد و وتی: "بە پەسەندکردنی ئەم دەقە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیامێکی سیاسی بەهێزی ناردووە، کە سوریا چووەتە سەردەمێکی نوێوە".

وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەندراوێكدا خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەكە دەربڕیوە و پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی واشنتۆن نیشانداوە و رایگەیاندووە، بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رەنگدانەوەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری سوریا.


AM:09:37:07/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت