عەباس عێراقچی: ئیسرائیل هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە له‌ دژی ئێران بنێت وەڵامی تووندمان دەبێت


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە له‌ دژی ئێران بنێت وەڵامی تووندیان دەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لەڕووی سیستەمی بەرگرییەوە ئێران باشتر بووە.


ئەمڕۆ شەممە 1ی تشرینی دووەمی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێران ئەزموونی لە دوایین شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل وەرگرتووە، لەو شەڕەدا چەندین مووشەکی راستەقینەی مەترسیدارمان تاقی کردووەتەوە، جگە لەوەش لەڕووی سیستەمی بەرگرییەوە ئێران باشتر بووە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە له‌ دژی ئێران بنێت، بێگومان وەڵامی تووندمان دەبێت، ئەنجامەکەشی بۆ ئیسرائیل زۆر خراپ دەبێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، " ئیسرائیل هەرگیز ناچێتە شەڕەوە ئەگەر ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ دانەگیرسێنێت".

دەشڵێت، "بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل تاوانباری راستەقینەی شەڕە، لای هەموو وڵاتانی ناوچەکەش ئاشکرایە کە ئیسرائیل دوژمنی راستەقینەی هەموومانه‌".

لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، "نزیک بوو بگەین بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بەڵام ئەمریکا مەرجی ناڕەوای دانابوو، بۆیە ئارەزووی دانیشتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ ناکەین لە گەڵ ئەمریکا".

وتیشی، "لەوانەیە ئەمجارە دانوستانەکانمان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدەین".


PM:06:07:01/11/2025


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت