ترەمپ: فەرمانم داوە بە دەستپێکردنەوەی خێرای تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەمان


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی 10ـی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "فەرمانم داوە بە دەستپێکردنەوەی خێرای تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا."

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، نوسیویەتی "لەسەر بنەمای بەرامبەریی هێز لەگەڵ ڕووسیا و چین، فەرمانم بە پنتاگۆن داوە خێرا و بەبێ دواکەوتن تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکان دەست پێ بکەنەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوەی پێویستییەکە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی جیهانیی. بڕیارەکە جێگەی پرسیارە لای بەشێکی وڵاتان چونکە ئەمریکا ساڵی 1992ـەوە، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە، تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ڕاگرتووە.

ترەمپ دەشڵێت: "ئەمریکا لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، زیاتر چەکی ئەتۆمیی هەیە. ئەم دەستکەوتە، کە نوژەنکردنەوە و بەهێزکردنی چەکە ئەتۆمییەکان دەگرێتەوە، بەرهەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی منە، من لە چەکی ئەتۆمی بێزارم، بەڵام چارەیەکی دیکەم نەبوو. چونکە لەم بوارەدا ڕووسیا دووەمە و چین سێیەم. ئەوان  بەردەوام سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکە ئەتۆمییەکانی خۆیانن، نامەوێت ئەمریکا لەم بوارەدا پاش ئەوان بکەوێت."


PM:12:05:30/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت