ترەمپ: پێمخۆشە چاوم بە کیم جۆنگ ئوون بکەوێت
وێستگەنیوز_
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا دواى تەواوکردنى گەشتەکەى بۆ مالیزیا، لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەى قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، بەدوورى نازانێت چاوى بە کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریاى باکوور بکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ بە رێگەوەیە بۆ ژاپۆن بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى نوێی ئەو وڵاتە و بڕیارە کۆریاى باشووریش دوا وێستگەى گەشتەکەى بێت. هاوکات، لە وەڵامی پرسیارێکى رۆژنامەنووساندا وتی: بۆ هەر هەلێک ئامادەیە تاوەکو چاوى بە رێبەری کۆریاى باکووریش بکەوێت، حەز دەکات شتێکى لەو جۆرە رووبدات.
کۆریاى باشوور چەند رۆژێکە ناوچە جێناکۆکەکانى نزیک لە سنوورى وڵاتەکە و کۆریاى باکوورى بەڕووی گەشتیاراندا داخستووە، ئەمەش بەو جۆرە لێکدەدرێتەوە کە دەکرێت ترەمپ لەو ناوچانە چاوى بە کیم جۆنگ ئوون بکەوێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەر لە دەستپێکردنى گەشتەکەى، کۆشکى سپی رەتیکردەوە هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەک لەنێوان ترەمپ و رێبەری کۆریاى باکوور لە ئەجێنداى ترەمپ دا هەبێت. هاوکاتم، پێشتر کۆریای باکوور رایگەیاندبوو، سەرۆکى وڵاتەکە ئامادەیە ترەمپ ببینێت بە مەرجى ئەوەى دان بە پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەى دا بنێت.
ترەمپ و کیم جۆنگ ئوون سێ جار دیداریان لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ هەبوو. دوایین کۆبوونەوەیان لە ساڵى 2019 لە ناوچەی داماڵدراو لە چەک لە سنوورى کۆریاى باشوور و باکوور بوو.
PM:12:25:27/10/2025
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت