هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكانى ئێران دەدرێت


وێستگەنیوز_

سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران، ئەگەری دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتییەكان لە ئێران زیاتر دەکەن.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، دوای دووبارە سەپاندنەوەی سزاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بەسەر تاراندا، ئابووری ئێران رووبەڕووی هەڵاوسانێكی گەورە و مەترسیدار و پاشەکشەیەكی قووڵ بووەتەوە و دەسەڵاتدارانیش بەو سەرچاوە سنووردارەی کە لەبەردەستیاندایە، هەوڵ دەدەن دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

سێ‌ گەورە بەرپرسی ئێرانی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووه، تاران پێی وایە ئەمریكا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی و ئیسرائیل، سزاكانى سەر تاران توندتر دەكەنەوە بۆ خۆشكردنی ئاگری پشێوییەكان و تاكو ببێتە هەڕەشەیەك بۆ سەر رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران.

گەورە بەرپرسێكی ئێرانی بۆ رۆیتەرز ئاشكرای كرد، دەسەڵاتدار درك بەوە دەكات كە ناڕەزایەتییەكان حەتمییە و تەنها پەیوەستە بە كاتەوە و قەیرانەكە گەورەتر دەبێتەوە، لە كاتێكدا بژاردەكانمان بەرتەسك دەبنەوە.

بانكی نێودەوڵەتيش پێشبینی كردووه، ئابووری ئێران لە ساڵی 2025 لە 1.7% بكشێت و لە ساڵی 2026 رێژەی كشانەكەی بگاتە لە 2.8%.

بەپێی راپۆرتەكەى شەرقئەوسەت، تاران پشت بە هەناردەكردنی نەوت بۆ چین دەبەستێت بە نرخێكی كەم، بەڵام گومان هەیە كە ئەم بازرگانییە بەردەوام نەبێت، لەگەڵ توندتر كردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان.

ئومێد شوكری شرۆڤەکاری كاروباری وزە دەڵێت، ئەگەر چین هەوڵی هێوركردنەوەی گرژییەكانیدا لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لەو كاتەدا هەڵوێستێكی توندتر دەگرێتەبەر بەرامبەر بە نەوتی ئێران.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەڵاوسانی فەرمی لە ئێران گەیشتووەتە 40% و چەند خەمڵاندنێكی تر باس لەوە دەكەن، كە هەڵاوسانی ئێران گەیشتووەتە سەرووی لە 50% و لە ماوەی یەك ساڵدا نرخی 10 كەلوپەلی سەرەكی بەرزبوونەتەوە.

سیمای تەمەن 32 ساڵ، كە لە كارگەیەكی شیراز كرێكاری دەكات وتی، "ئەڵێن ئێمه لەئێستادا دووبارە سزاكان سەپێندراوە بەسەرماندا، بەڵام ئێمە بەڕاستی رووبەڕووی نەهامەتی بووینەتەوە بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانمان، نرخەكان هەموو رۆژێك بەرز دەبنەوە و تەنانەت مانگى جارێكیش ناتوانین گۆشتیان بۆ بكڕین".


AM:11:49:23/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت