سانای تاکایچی بووە یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ژن لە ژاپۆن


وێستگەنیوز-

سەنای تاکایچی، سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی وڵاتەکە بە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرا، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتە ژنێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن.


میدیاکانی ژاپۆن ئاشکرایانکرد، سەنای تاکایچی بە دەنگی 237 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان لە کۆی 465 ئەندام بە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرا.

پێشتر ئاژانسی "کیۆدۆ"ی ژاپۆنی ڕایگەیاند، "هەردوو پارتی لیبراڵ دیموکرات و پارتی داهێنان (ئیشین) گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی گشتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی، ئەم رێککەوتنە ڕێگە بۆ سانای تاکایچی، سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات، خۆشدەکات بۆ ئەوەی ببێت بە یەکەم ژن کە لە مێژووی ژاپۆندا پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت".

سانای تاکایچی تەمەن 64 ساڵ، بە یەکێک لە نزیکترین لایەنگرانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی کۆچکردوو"شینزۆ ئابێ"دادەنرێت، ئەو خاوەنی بیروڕای پارێزگارانەیە و هەمیشە داوای بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ژاپۆن دەکات.

لە ژاپۆن تەنها لە %15ی پەرلەمانتاران ژنن و کابینەی پێشووش دوو وەزیری ژنی تێدابوو, تاکایچی بەڵێنی داوە ژنانی زیاتر بۆ پۆستە وەزارییەکان دەستنیشان بکات.


AM:11:23:21/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت