میدیای ئێرانی: ئەگەری هەیە ئێران و ئەمریکا بەم زووانە بە شێوەیەکی نهێنی لە قەتەر یان عەممان کۆببنەوە


وێستگەنیوز_

میدیای ئێرانی ئاشکرای کردووە، بڕیارە ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی نهێنی و دوور لە چاوی کامێراکان، لەبارەی پرسی ئەتۆمی کۆببنەوە. 

ئاژانسی هەواڵی هەفتی سوبحـی ئێرانی دەڵێت، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە نهێنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری هەیە هەردوو وڵات بەم زووانە بە شێوەیەکی نهێنی لە قەتەر یان عەممان کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران.

هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، عێراقچی و ویتکۆف لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تەلەفۆن قسەیان کردووە. بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

دۆناڵد ترەمپ، لە گەشتەکەی هەفتەی ڕابردووی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وتارێکدا لە کەنیشتی جووەکان لە ئیسرائیل، ڕایگەیاندبوو: "شتێکی زۆر باش دەبێت ئەگەر لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنی ئاشتی ئەنجام بدەین، و پێموایە ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت."


PM:12:24:20/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت