بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان: پاکستان ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگربەستی شکاند و کابوول وەڵامی دەبێت
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ هەینی 17ـی 10ـی 2025، بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان رایگەیاند، پاکستان ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەکی سنووری، بەو جۆرەش ئەو ئاگربەستەی شکاند کە دوو رۆژ ئارامیی بۆ سنوور هێنابوو؛ هۆشداریشی دا لەوەی کابوول وەڵامی دەبێت.
بەرپرسەکە کە ناوی ئاشکرای نەکردووە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "پاکستان ئاگربەستەکەی شکاندووە و سێ شوێنی لە پارێزگای پاکتیکا بۆردوومان کردووە. ئەفغانستان وەڵامی دەبێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند کاتژمێرێک پێشتر، پاکستان و ئەفغانستان رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستە 48 کاتژمێرییەکە، تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەو دانوستاندنەی بڕیارە لە دەوحە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەڕێوەبچێت.هەر ئەمڕۆش شاندێکی پاکستانی گەیشتوەتە دەوحە و بڕیارە شاندی ئەفغانستانیش رۆژی شەممە بگاتە پایتەختی قەتەر.
لای خۆیەوە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بکات، بە مەرجێک نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی چارەسەربکرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان داوای ئاگربەستیان کرد. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێ کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن، ئێمە ئامادەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان بەرپرسانی ئەفغانستانی بە داڵدەدانی ئەندامانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و سوپای رزگاریی بەلوچستان تۆمەتبار کرد کە ئیسلامئاباد بە هۆکاری زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکان لەناوخۆی وڵاتدا دایاندەنێت، بەڵام تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
رووداو و پێکدادانەکانی ئەم مانگە دوای ئەوە هەڵگیرسان کە ژمارەیەک تەقینەوە لە کابوول روویاندا، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە هیندستان بوو. دوای ئەوە، تاڵیبان هێرشێکی لەسەر سنوور دەستپێکرد کە وەڵامی تووندی ئیسلامئابادی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، لەلایەنی تاڵیبانەوە 37 کەس کوژراون و 425ی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا پاکستانیش دەڵێت 23 سەربازیان کوژراون.
هاوکات، سعودیە و قەتەر زوو نێوەندگیرییان بۆ راگرتنی جەنگەکە دەستپێکرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە، دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە یارمەتیدەر بێت.
PM:09:08:17/10/2025
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت