دۆناڵد ترەمپ: ئەمڕۆ رۆژێکی نوێ و دەستپێکێکی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە و چەکەکان بێدەنگن، ئاماژە بەوەشدەکات، مامەڵەکردن لەگەڵ ناتانیاهۆ ئاسان نییە و کاری گەورە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل لە وتارێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی نوێیە و چەکەکان بێدەنگن، هەروەها ئەمڕۆ رۆژێکی نوێ و دەستپێکێکی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئاماژەی بەوەکرد، "مامەڵەکردن لەگەڵ ناتانیاهۆ ئاسان نییە و کاری گەورە دەکات"، ترەمپ سوپاسی وڵاتە عەرەبییەکان کرد کە هەموویان پاڵپشتی ئاگربەستی غەززەیان کرد.
سەرۆکی ئەمریکا وەسفی مارکۆ رۆبیۆی کرد و وتی، "مارکۆ رۆبیۆ وەک کاریگەرترین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مێژوو تۆماردەکرێت، هەروەها شتێکی زۆرباشە کە ناوی وەزارەتی بەرگریمان کرد بە وەزارەتی جەنگ".
جەختی لەوەشکردەوە نایەوێت جارێکی دیکە خۆڵەمێشی جەنگ لەم ناوچەیە ببینرێت و وتیشی، "هەموو کەس پێیان وابوو کە جەنگی گەورە هەڵدەگیرسێنم، نامانەوێت بچینە نێو جەنگەوە، بەڵام ئەگەر بچین سەرکەوتوو دەبین، چونکە ئێستا باشترین کەرەستەی سەربازی و چەکمان هەیە".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند "دوای دوو ساڵ ناخۆشی 20 بارمتە گەڕانەوە ناو خێزانەکانیان".
باسی لەوەکرد، "بەزووی چەکدارانی حەماس لەنێو غەززە نامێنن و کۆتایی بە جەنگەکە دێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستمان بە وڵاتانی دەوڵەمەند هەیە، هەروەها ئەمە دەرفەتێکی زۆرباشە لە غەززە ژیانێکی نوێ دەستپێدەکات.".
ترەمپ تیشکی خستەسەر ئەوەی "پێویستە ئیسرائیلییەکان بیریان نەچێت کە ئەمریکا لەگەڵیان بووە".
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئێران دەڵێت، "ئەگەر لەگەڵ ئێران ئاشتی بەدەستبهێنین ئەمە شتێکی تایبەتە".
دەشڵێت، "گرنگە لوبنان لە ناوخۆ و دەرەوەدا لە ئاشتیدا بێت، هەروەها پێویستە وڵاتان رکابەری بۆ پێشکەوتن بکەن".
PM:03:46:13/10/2025
ئهم بابهته 320
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت