شەرقولئەوسەت: پێشنیار كراوە بۆ ئەمریكا چەكەكانی حیزبوڵڵا لای گروپە عێراقییەكان بپارێزرێت


وێستگه‌نیوز -

پێشنیارێك كراوە بۆ واشنتۆن بە ئاگاداری دەوڵەتی لوبنان، تاكو حیزبوڵڵا چەكەكانی لە عێراق دابنێت، بەڵام ئەمریكا بە توندی رەتیكردووەتەوە و دەرگای پیێشنیارەكانی داخستووە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، ناوبژیوانان باسیان لە گواستنەوەی چەکەکانی حیزبوڵڵا كردووە، تاكو لای لایەنێكی عێراقی متمانە پێكراو بپارێزرێت، بەڵام واشنتۆن بیرۆکەکەی بە تەواوی لەبار بردووه.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی لوبنانی و عێراقی، ئەمریكا هەموو پێشنیارەكانی رەتكردووەتەوە، لە نێویاندا لكاندنی ئەو چەكانە بە هەیکەلی گرووپە عێراقییەكانەوە لە هێزە فەرمییەكاندا، یان پاراستنی بەشێك لە چەكەكان بۆ بەرگریكردن.

سەرچاوەیەكی لوبنانی ئاگادار ئاشكرای كردووە، پێشنیارەكە لەگەڵ چەند لایەنێكی دیاریكراو گفتوگۆی لەسەر كرا، كە داوا دەكات بە پاراستنی بڕە چەكێك بۆ داكۆكیكردن لەخۆ، بەڵام بەشێوەیەكی یەكجاری رەتكرایەوە، ئەمەش دیمەنەكەی بە تەواوەتی لەسەر حیزبوڵڵا ئاڵۆز كرد.

سەرچاوەكان دەڵێن، واشنتۆن دەیەوێت ئەندامەكان بەبێ‌ چەك یان ئەجیندای هەرێمایەتی بچنە نێو ژیانی سیاسییەوە، ئەمەش پێویستی بە چەند هەنگاوێك دەبێت لەلایەن دەوڵەتی لوبنانەوە.

بەرپرسێكی عێراقی ئاشكرای كردووە، ئیدارەی ئەمریكا سوورە لەسەر داماڵینی چەكی هەموو ئەو قەوارانەی هاوشانی دەوڵەتن، كە چووبوونە نێو میحوەری ئێرانەوە لەنێوانیاندا گروپە عێراقییەكان.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، حیزبوڵڵا رووبەڕووی ئاستەنگی لۆجستی و سیاسی بۆتەوە كە رێگری لێ‌ دەكات جبەخانە سەربازیەكەی بەكاربهێنێت، ترسی ئەوەشی لێ‌ نیشتووە، چەكەكانی بێ‌ كەڵك بن لەگەڵ هەڵگرتنی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ.

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی لوبنانی و عێراقی، كێشەی چەكەكان لە رادەستكردنەوەی نییە، بەڵكو لە شێوازی رادەستكردنەوەیەتی و بەچەند هۆكارێكی سیاسیش، حزبوڵڵا وای دەبینێت كە لەئێستادا پێویستی بەو چەكانەیە.

ئاماژەشیان كرد، هەرچ یەكلایی كردنەوەیەك كە كەمترین زیانی هەبێت دەرچەیەكە بۆ چارەسەركردنی بابەتی چەك، لەكاتێكدا حیزبەكە رووبەڕووی واقیعێكی قورس بووەتەوە.
سەرچاوەیەكی عێراق دەڵێت، مامەڵەكردن بە چەكی ستراتیجییەوە یان ئەو چەكانەی كە ماون، پێویستی بە فەتوایەك هەیە، بەڵام فشاری لە رادەبەدەری ئەمریكا لەسەرووی توانای ئێستای گرووپە چەكدارەكانی بەیروت و بەغدای سەر بە ئێرانن.

شەرقولئەوسەت دەشڵێت: پێشنیاری پاراستنی چەكەكە، هەموو مووشەك و درۆنەكانی دەگرتەوە، بۆ كەمكردنەوەی قورسایی سیاسی لەسەر شانی دەوڵەتی لوبنان و سوپای دووردەخستەوە لە پێك ئاڵانی راستەوخۆ لەگەڵ ژێرخانی سەربازی حیزۆڵڵا و دەبوو بە دەربازبوونێك كە ناوبانگی حیزبەكەی لای جەماوەرەكەی دەپاراست، بەڵام رەتكردنەوەی توندی ئەمریكا بۆ پێشنیارەكە قەیرانەكەی گەڕاندەوە بۆ چوارچێوەی یەكەم.


AM:09:08:13/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت