پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان دەستیپێکرد و حەماس 7 بارمتەی ئیسرائیلی رادەستی خاچی سوور کرد

‌قۆناغی یەکەمی رزگارکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.. وێنە: ئەرشیف

وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی 10ـی 2025، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت کەمێکی دیکە پرۆسەی ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی لە غەززەن، دەستپێبکات. کەتیبەکانی عیززەدین قەسامیش ناوی ئەو 20 بارمتە ئیسرائیلییەی بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ ئازادیان دەکات و خاچی سووریش ئاشکرای کردووە، 7 بارمتەی ئیسرائیلیان رادەست کراوە.
 
کەمێک لەمەوبەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی خاچی سوور گەیشتنە غەززە بۆ وەرگرتنی بارمتەکان لە حەماس کە ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن. حەماس ناوی 20 بارمتەی زیندووی ئاشکرا کردووە و ئەمڕۆ رادەستیان دەکاتەوە. 

لە بەرامبەردا ئیسرائیل دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار بەندکراوی فەلەستینی. هەروەها لە کۆی ئەو 48 بارمتەیەی لە غەززەن، حەماس رایگەیاند، لە گەڕی یەکەمدا 20 بارمتەیان بە زیندوویی ئازاد دەکات.
 
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی، 7 بارمتەی ئیسرائیلیان لەلایەن حەماسەوە رادەست کراوە؛ و حەماس دەڵێت، لە دوو کاتی جیادا و لە کاتژمێر 08:00 و 10:00ی ئەمڕۆ هەموو ئەو 20 بارمتە ئیسرائیلییە ئازاد دەکات.

بارمتەکان بریتین لە؛ ئەبراهام کۆبەرشتاین، ئەفیتار، داڤید، یووسف حایم ئۆحانا، سیزیڤ کالفۆن، ئەفیناتان ئور، ئەلکانا بوحبوت، ماکسیم هیرکین، نەمروود کۆهین، مەتان چنجاوکەر، داڤید کۆنیو، ئیتان هۆرن، مەتان ئینگریست، ئیتان مۆر، غالی بیرمان، زەیف بیرمان، عەمری میران، ئەلۆن ئۆهل، غای جەلبوغ دلال، ڕۆم براسلاڤیسکی، ئەریل کۆنیۆ و داڤید کۆنیۆ.

بە گوێرەی نەخشەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەدا، ئیسرائیل 250 زیندانیی ئەمنیی فەڵەستینی و هەزار و 700 فەڵەستینی دیکە ئازاد دەکات و لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکات.


AM:08:50:13/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو