لوتکەی ئاشتیی شەرم شێخ بە بەشداری سەرکردە باڵاکان بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
وتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر ئاشکرای کردووە، سبەی دووشەممە میسر میوانداری لوتکەی نێودەوڵەتی دەکات لە ناوچەی شەرم شێخ بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک کە ئامانج لێی کۆتایی هێنانە بە شەڕی کەرتی غەززەیە.
ئاژانسی هەواڵی سکای نیوز لە زاری وتەبێژی سەرۆکایەتی میسر بڵاویکردەوە، بڕیارە سبەی دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025, لوتکەی ئاشتیی شەرم شێخ بەڕێوەبچێت و تێیدا 25 سەرکردە و سەرۆک و نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بەشدار دەبن، لوتکەکە بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی میسر و ئەمەریکا دەبێت.
بەپێی سەرچاوەکان، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە دەبن، هەروەها لە دیارترین بەشداربووان کە ئامادەبوونیان پشتڕاستکراوەتەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا.
تائێستا هیچ راگەیەندراوێک سەبارەت بە بەشداریکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لوتکەکەدا بڵاونەکراوەتەوە.
حوسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە "حەماس بەشداری ناکات" لە پرۆسەی واژۆکردنی رۆژی دووشەممەی میسر، بەڵام سنووردار دەبێت بە "نێوەندگیری و بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل".
AM:08:36:12/10/2025
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت