وەزارەتی ناوخۆی غەززە: هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن کە هێزەکانی ئیسرائیل لێی دەکشێنەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی غەززە ئاشکرای دەکات، هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن کە هێزەکانی ئیسرائیل لێی دەکشێنەوە.


ئەمڕۆ هەینی 10ی تشرینی یەکەمی 2025، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی غەززە رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە جێگیر دەکرێن کە هێزەکانی ئیسرائیل لێی دەکشێنەوە، واتە لە سەرجەم پارێزگاکانی کەرتی غەززە، دوای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەست دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

وەزارەتەکە دەڵێت، "هێزەکانمان دەست دەکەن بە کاری چڕوپڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرابوون".

وەزارەتی ناوخۆ داوای لە فەلەستینییەکان کردووە، "موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن، دوورکەونەوە لە هەر کارێک کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات و هاوکاری پۆلیس و ئاسایش و کارمەندانی خزمەتگوزاری بن.

هەروەها داوای لێکردوون "پابەندبن بە هەموو ئەو رێنماییانەی کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەناو دەزگاکانی وەزارەتدا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەردەچن".

دوای دوو ساڵ لە جەنگ دوێنێ پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد كه‌ ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە و لە ئەمڕۆ هەینییەوە رێککەوتنەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.


PM:09:43:10/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت