براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کێیە؟
وێستگەنیوز_
لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی رایگەیاند، ماریا کورینا ماچادۆ بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بۆ ساڵی 2025.
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی پارتی بەرهەڵستکاری ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی2025ـی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوونی بێ وچانی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا، بەهۆی خۆڕاگری لە بەرامبەر سەرکوتی سیاسیدا ناوی "خاتوونی پۆڵاینی"ـی لێنراوە، دوای هەڕەشەکانی دەستگیرکردن زیاتر لە ساڵێک لە دەربەدەریدا بووە.
ماریا لە ڕێگەی پارتی ڤێنتێ ڤەنزوێلاوە؛ سەرکردایەتی هەڵمەتێکی بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کرد و بەرهەڵستی ڕژێمی نیکۆلاس مادۆرۆی کرد. هەروەها سەرەڕای قەدەغەکردنەکە، بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاوڵاتیان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی حکومەت، ئەمەش وایکرد ببێتە هێمای بەرخۆدانی ئاشتیانە.
خەڵاتی 11 ملیۆن کرۆنی سویدی (نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار) دەدرێتە ماچادۆ وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و ئاشتی.
ماریای تەمەن 58 ساڵ خەڵکی ڤەنزوێلایە و ئێستا سەرۆکی پارتی ڤینتی ڤەنزوێلایە. ئەو سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەشیەتی و حکومەتی وڵاتەکەی گەشتکردنی دەرەوەی لێ قەدەخەکە کردووە.
ساڵی 2002، ماریا دەستی بە کاری سیاسی کردووە و گرووپێکی بەناوی سەمەت بۆ بەرگریی لە ئازادی سیاسی دامەزراند. ساڵی 2018، لەلایەن سی ئێن ئێنەوە وەکو 100 دیارترین کەسایەتی ژنی لە جیهاندا دەستنیشان کراوە.
تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەرفەت هەبوو بۆ وەرگرتنی کاندید بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکێک بوو لەو کەسانەی هەوڵی بۆ بردنەوەی دەدا و لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە کاندید کرابوو، بەڵام نەیتوانی خەڵاتەکە بباتەوە.
PM:03:02:10/10/2025
ئهم بابهته 1104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت