ترەمپ: ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە


وێستگەنیوز-

دوای دوو ساڵ لە جەنگ سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتییان لە غەززە واژۆ کردووە، ئەمە مانای وایە بەم زووانە هەموو دیلەکان ئازاد دەکرێن و ئیسرائیلیش هێزەکانی بۆ هێڵێکی رێککەوتوو دەکشێنێتەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەهێز و هەمیشەیی".

ترەمپ جەختی لەوەکردەوە، مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکان بە دادپەروەرییەوە دەکرێت و ئەم راگەیاندنەشی بە رۆژێکی گەورە بۆ جیهانی عەرەبی و ئیسلامی و ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان ناوزەندکرد.

سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی نێوەنگیرەکانی کرد بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی داگیرکەر لە کەرتی غەززە و گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەخۆدەگرێت".

حەماس ئاشکراشی کردووە، "لیستی دیلە فەلەستینییەکانی رادەستکردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد دەکرێن".

حەماس سوپاسی هەوڵەکانی نێوەندگیرەکان لە قەتەر و میسر و تورکیا و هەوڵەکانی ترەمپی کرد بۆ راگرتنی شەڕ و داوا دەکات، وڵاتە نێوەندگیرەکان رێگە بە ئیسرائیل نەدەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە خۆی بدزێتەوە.

هەروەها، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە "ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی حکومەت بەڕێوەدەبات بۆ پەسەندکردنی رێککەوتنە".

نەخشەی جێبەجێکردنی قۆناغی یەكەمی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە:

ئەمڕۆ پێنجشەممە

راگەیاندنی فەرمی رێککەوتنەکە.

پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ.

بڵاوکردنەوەی لیستی زیندانیان و نەخشەی کشانەوە بۆ قۆناغی یەکەم.

رۆژی هەینی

كردنەوەی دەرگای تانە لێدانی رووكەش لە دادگای ئیسرائیل.

کشانەوەی مەیدانی سوپای ئیسرائیل لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بەپێی نەخشەکە دەست پێدەکات.

رۆژی شەممە

بەردەوامی کشانەوە لە ناوچەكانی دانیشتوان.

هێزە فەلەستینیەكان دەست دەکەن بە ئامادەکردنی ئەو دیلانەی لە ژیاندا ماون و رادەستکردنی تەرمی ئەو سەربازانەی شیاوی رادەستکردنن.

رۆژی یەکشەممە

ترەمپ دەگاتە ناوچەکە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردن و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.

رۆژی دووشەممە

جێبەجێکردنی فەرمی پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەكان بە سەرپەرشتی (میسر، قەتەر، ئەمریکا، و تورکیا).

ئیسرائیل دیلەکانی فەلەستینی ئازاد دەکات و تەرمی دەیان چەکداریان کە ئەندامانی دەستەبژێری مقاوەمەی تێدایە رادەست دەکرێنەوە.

کردنەوەی تەواوی دەروازەکان، لەگەڵ چوونە ژوورەوەی 400 بارهەڵگری هاوکاری ڕۆژانە، زیاد دەکرێت بۆ 600 یان زیاتر لە رۆژانی دواتر.

دەستبەجێ دەستپێکردنی دانوستانەکان لەسەر قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەواوکردنی کشانەوەکە و دڵنیابون لە وەستانی هەمیشەیی شەڕ.


AM:08:38:09/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت