دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی کابینەکەی؛ سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا دەستی لە کار کێشایەوە


وێستگەنیوز_

سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە رۆژی دووشەممە دەستلەکارکێشانەوەی سێباستیان لوکۆرنو، سەرۆک وەزیرانی قبووڵ کردووە، ئەمەش وڵاتەکە زیاتر رووبەڕووی چەقبەستوویی سیاسی دەکاتەوە.
 
مانگی 9ـی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سێباستیان لوکۆرنوی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد، بەڵام دوای ئەوەی درەنگانی شەوی یەکشەممە 5ـی 10ـی 2025، لوکۆرنۆ لەبارەی کابینە نوێیەکەی رایگەیاند، کە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەبوو بەراورد بە کابینەی پێشوو، ئەوەش وایکرد رووبەڕووی رەخنەیەکی تووندی لایەنە سیاسییە جیاوازەکان ببێتەوە و دەست لە کار بکشێتەوە.

سێباستیان لوکۆرن، وەزیری پێشووی بەرگری بوو. لەم پۆستە نوێیەشیدا ئەرکێکی سەختی لەپێش بوو، ئەویش بەدەستهێنانی رەزامەندیی پەرلەمانی پڕ لە ناکۆکیی وڵاتەکەی بوو لەسەر بودجە و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ساڵی داهاتوو لە کاتێکدا دوو سەرۆک وەزیرانی پێش ئەو، فرانسوا بایرو و میشێل بارنیێ، بەهۆی ناکۆکی لەسەر هەمان پلانی خەرجییەکان لەلایەن پەرلەمانەوە لەکارلادران.
 
بەگوێرەی داتای فەرمی، دەرکەوتووە قەرزی گشتیی فەرەنسا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بەراورد بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، ئێستا لە یەکێتیی ئەورووپادا لەدوای یۆنان و ئیتاڵیاوە لە پلەی سێیەم دێت و بەراورد بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی، نزیکەی 120%ـە، لە کاتێکدا بەپێی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا نابێت قەرزی هیچ وڵاتێک 60٪ی داهاتی ناوخۆ تێپەڕێنێت.
 


PM:12:31:06/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت