حەماس وەڵامی پلانەکەی ترەمپی دایەوە
وێستگەنیوز-
حەماس وەڵامی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایدەگەیەنێت، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە، ئامادەن هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن.
ئەمشەو هەینی 3ی تشرینی دووەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ئاشکرای کرد لەپێناو راگرتنی دەستدرێژی و شەڕی جینۆسایدی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە پلانەکەی ترەمپ رازی بووە.
حەماس ئاماژەی بەوەکرد، "بزووتنەوەکە رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر ئازادکردنی هەموو دیلەکانی ئیسرائیل، زیندوو و تەرمەکان، بەپێی ئەو شێوازەی ئاڵوگۆڕ کە لە پێشنیازەکەی ترەمپدا هاتووە".
ئەوەش خراوەتەڕوو، "حەماس ئامادەیە دەستبەجێ لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بچێتە دانوستاندن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە".
حەماس دووپاتی دەکاتەوە کە رازییە لەسەر رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی فەلەستینیی سەربەخۆی تەکنۆکرات، لەسەر بنەمای رێککەوتنی نیشتمانیی فەلەستینی و بە پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.
لەبارەی داهاتووی کەرتی غەززە و مافەکانی گەلی فەلەستین کە لە پێشنیازەکەی ترەمپدا هاتوون حەماس دەڵێت، "ئەمە پەیوەستە بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی گشتگیر و بە پشتبەستن بە یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، کە لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی فەلەستینیی گشتگیردا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ و حەماسیش بە بەرپرسیارێتییەوە بەشدار دەبێت تیادا".
PM:11:16:03/10/2025
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت