ئەمریكا 400 هاوڵاتی ئێرانی دیپۆرت دەكاتەوە


وێستگەنیوز_

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، بەنیازە 400 هاوڵاتی ئێرانی دیپۆرت بكاتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، كە زۆربەیان بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەته نێو خاكەكانی ئەمریكاوه.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئاشكرای كرد، كە واشنتن نزیكەی 100 هاوڵاتی ئێرانی دیپۆرت كردووەتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان، لە ڕێگای فڕۆكەیەكەوە لە لۆیزیاناوە هەڵفڕیوە و لە ڕێگای قەتەرەوە گەیشتووەتە ئێران.

چەند بەرپرسێكی ئێرانی و ئەمریكی بە ڕۆژنامەكەیان وتووە، دیپۆرتکراوەکان كە هەندێكیان هاوسەرن و هەندێكیشیان بە خۆبەخشانە داوای دیپۆرت كردنەوەیان كردووە، دوای مانەوەیان بۆ چەندین مانگ لە ناوەندەكانی دەستبەسەركردن و ئەوانی تریش داواكارییەكانیان بۆ وەرگرتنی پەناهەندیی ڕەتكراوەتەوە، یان لەبەردەم دادوەر ئامادەنەبوون.

حوسێن نۆش ئابادی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری پەرلەمان لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەك قۆناخی یەكەم واشنتن بڕیاری داوە 120 ئێرانی بگەڕێننەوە، كە زۆربەیان بەشێوەیەكی نایاسایی لە مەكسیكەوە چوونەتە نێو خاكەكانی ئەمریكاوە.

وتيشى، ئەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە هەندێكیان مۆڵەتی نیشتەجێبوونیشيان هەیە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك كە ئیدارەی كۆچی ئەمریكا دەستنیشانی كردووە، خراونەتە نێو لیستەكەوە و ڕەزامەندیش دراوە لەسەر دیپۆرتكردنەوەیان.

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هاوكارییەكی دەگمەندا لە نێوان ئێران و ئەمریكا و لە دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆكردن، پڕۆسەی ناردنەوەی دیپۆرتكراوەكانی ڕێكخستووە، لەگەڵ دڵنیایی دان کە سەلامەت دەبن و ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نابنەوە.


AM:10:07:01/10/2025


ئه‌م بابه‌ته 612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت