بەهۆی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان؛ بە فەرمی حکومەتی ئەمریکا وەستێندرا
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ چوارشەمە 1ـی 10ـی 2025، لەدوای کاتژمێر 07:00ـی بەیانییەوە بەکاتی هەولێر، حکومەتی ئەمریکا زۆربەی کارەکانی خۆی راگرت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ناکۆکیی قووڵی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان رێگر بوو لە رێککەوتنی کۆنگرێس و کۆشکی سپی لەسەر پرسی بودجە.
دوای داڕمانی دانوستانەکان لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەسەر بەشە بودجە، بە فەرمی و دوای حەوت ساڵ حکومەتی ئەمریکا وەستێندرا و بەشی زۆری چالاکییەکانی حکومەت وەستێندراون و کارمەندەکان نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە.
داخرانی ئەمجارەی حکومەتی ئەمریکا، دەبێتە 15یەمین داخران لەدوای ساڵی 1981ـەوە و پەککەوتنی راگەیاندنی ئامارە گرنگە ئابوورییەکانی ئەمریکا، سستبوونی گەشتە ئاسمانییەکان و وەستانی توێژینەوە زانستییەکانی لێدەکەوێتەوە. هەروەها داخستنی وەزارەتەکان و دەزگا فیدڕاڵییەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران کارمەندی فیدڕاڵی بچنەوە ماڵەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش پەکیان بکەوێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، پەکخستنی کارەکانی حکومەت دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ئەمریکا و متمانەی گشتی هەبێت، هەروەها گرژییە سیاسییەکانی واشنتن زیاتر بکات و ناکۆکی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەسەر بودجە و خەرجییەکانی چاودێری تەندروستی توندتر بووە و دوورن لە ڕێککەوتن.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت نزیکەی 750 هەزار فەرمانبەری فیدراڵی مۆڵەتیان پێبدرێت و هەندێکیان ئەگەری هەیە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لە کارەکانیان دوربخرێنەوە.
لە سەرەتادا ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە دوایین ساتەکان، پێش داخستنی حکومەتی ئەمریکا، ناکۆک بوون لەسەر پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆئەوەی حکومەتی ئەمریکا تاوەکو مانگی 11ی ئەم ساڵ پارەدار بکات.
دیموکراتەکان داوا دەکەن هەندێک بڕگەی تایبەت زیاد بکرێت بۆ پاڵپشتیی تەندروستیی هاووڵاتییان، بەڵام کۆمارییەکان دژی وەستانەوە، پێیانوایە ئەوە بابەتێکی جیاوازە و رازی نەبوون لە پرۆژە یاساکەدا بگونجێندرێت.
AM:10:03:01/10/2025
ئهم بابهته 920
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت